هێرشبەرەکانی ریال و هیلال تووشی پێکان بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژێک پێش دەستپێکردنی لوتکەی نێوان ریال مەدرید و هیلالی سعودی، چەند سەرچاوەیەک پێکانی کیلیان ئێمباپێ و ئەلێکساندەر میترۆڤیچیان پشتڕاستکردەوە.
 
سبەی رۆژی چوارشەممە، لە لوتکەیەکی چاوەڕوانکراوی مۆندیالی یانەکان، یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی یانەی هیلالی سعودی دەبێتەوە، هەردوو یانە بە دوو راهێنەری نوێوە چاویان لەوەیە دەستپێکێکی باشیان هەبێت و بتوانن مۆندیالی یانەکان بە باشترین شێوەی دەستپێبکەن.
 
سیمیۆنی ئینزاگی، دوای گەیشتنی بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانەی ئینتەرمیلان و دۆڕانیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان، رووی لە یانەی هیلالی سعودی کرد و دەیەوێت بەو پێکهاتە نایابەی کە لەبەردەستیەتی، دووبارە ئەو یانەیە بگەڕێنێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان.
 
بەڵام ئەمڕۆ چەند سەرچاوەیەکی سعودی رایانگەیاند، یانەی هیلال لە تواناکانی هێرشبەری یانەکە، میترۆڤیچ، بێبەش دەبێت و ئەو یاریزانە تووشی پێکانێک بووە لە قاچەکانی.
 
لەلایەکەی دیکەوە، چابی ئەلۆنسۆ یەکەم یاریی خۆی وەک راهێنەری ریال مەدرید ئەنجامدەدات و هەمووان چاوەڕێن تەکتیک و پلانەکانی ئەو راهێنەرە نوێیە ببینن، بەتایبەت دوای وەرزێکی خراپی یانەی شاهانە کە بەبێ نازناو کۆتاییهات.
 
پێشبینیکراو بوو ئێمباپێ لە پێکهاتەی سەرەکیی ریال مەدرید بێت، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەکە خستییەڕوو، ئەو یاریزانە نەخۆش کەوتووە و تای هەیە و ناتوانێت لە یارییەکە ئامادە بێت.