ئینتەرمیلان یەکەم یاری دەکات و تارمی بەهۆی جەنگەوە ئامادە نییە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمیلان، یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدەدات و قۆناخی نوێی یانەکە لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ دەستپێدەکات.
دوای ئەوەی یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕاند و وەرزێکی سفریی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بەڕێکرد، سیمۆنی ئینزاگی دوورخرایەوە و کریستیانۆ چیڤۆ، بەرگریکاری پێشووی یانەکە و هەڵبژاردەی رۆمانیا وەکو راهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشانکرا.
یانەکە لەگەڵ ئەو راهێنەرە دەچێتە نێو قۆناخێکی نوێ و لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە مۆندیالی یانەکاندا، لە یاریگەی رۆز پاوڵ لە کالیفۆرنیا بەرامبەر یانەی مۆنتێری مەکسیکی یاری دەکات.
نیرازۆری شەش رۆژە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان گەیشتووەتە ئەمریکا و رۆژانە مەشق و راهێنانەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدەدات و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە یەکەم دەرکەوتنیدا کاژێر 04:00 بەرامبەر یانەی مۆنتێری یاری دەکات.
دوای ئەم یارییە شەوی شەممەی داهاتوو ئینتەرمیلان بەرامبەر ئوراوا رێدی ژاپۆنی یاری دەکات و دوای ئەوەش بەرەبەیانی 26ـی مانگ، لە یاریی لووتکەدا رووبەڕووی یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی دەبێتەوە.
ئەوەی لە ئینتەرمیلان بۆ هەمووان جێگەی سەرنجە و کاردانەوەی زۆری دروستکرد، مانەوەی مەهدی تارمی، هێرشبەری یانەکەیە لە ئێران، کە بەهۆی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل، ئاسمانی ئێران داخراوە و یاریزانەکە نەیتوانی بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە بچێتە ئەمریکا و بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا ناکات.
تارمی ناوی لەنێو لیستە 33 کەسییەکەی ئینتەرمیلاندا بوو بۆ مۆندیالی یانەکان و گەشتکردن بۆ لۆس ئانجلێس، بەڵام یاریزانەکە نەیتوانی گەشت بکات و بەهۆی داخستنی ئاسمانی ئێرانەوە یاریزانەکە گیری خواردووە.