لاپۆرتا هەواڵە خۆشەکەی بۆ بارسێلۆنا هێنا
رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، جارێکی دیکە پەرۆشیی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نیکۆ ویلیامزی باڵی هێرشبەری ئاتلێتیک بلباو، لەم هاوینەدا نیشاندایەوە.
پێشتر لاپۆرتا دەرگای لەبەردەم واژۆکردنی گرێبەستەکەدا داخستبوو، بەڵام هەڵوێستی لەم دواییانەدا گۆڕا، دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەدا کاردانەوەی ئەرێنی لە یاریزانە تەمەن 22 ساڵەکە بینی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی کەوتوون، سەرۆکی بارسێلۆنا دوای راوێژکردن بە دیکۆی بەرێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا و هانزی فلیکی راهێنەر، بڕیاریداوە دەست بە هەوڵەکانی بکات بۆ بردنی نیکۆ بۆ کامپ نو.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نیکۆ پێش ئەوەی بچێتە گفتوگۆی پێشکەوتوو لەگەڵ بایرن میونشن یان ئارسیناڵ، خۆی دەستپێشخەری کردووە و پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کردووە و تواناکانی خۆی پێشکێش کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی خوان لاپۆرتادا بەرامبەر بە یاریزانەکە.
لاپۆرتا ئێستا پێیوایە کۆکردنەوەی نیکۆ و لامین یامال لە هێڵی هێرشبردندا، پڕۆژەیەکی سەرنجڕاکێش دەبێت بۆ ئێستا و داهاتوو، هەروەها جۆش و خرۆش لەناو یانەکە و هاندەرانیشدا دروست دەکات.
سەرەڕای ئەوەی ئارەزووی نیکۆ بۆ پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا شتێکی نوێ نییە، بەڵام کۆبوونەوەی دوایی نێوان فیلیکس تاینتای بەڕێوەبەری کارەکانی و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی، یارمەتیدەر بوو بۆ روونکردنەوەی لایەنە داراییەکانی گرێبەستەکە.
سەرچاوەکانی ناو یانەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە خواستی یاریزانەکە بۆ پۆشینی درێسی بارسا پێشتر زانراو بووە، تەنانەت هەندێک لە یاریزانانی تیپەکە ئەم ئارەزووەیان راستەوخۆ بە لاپۆرتا گەیاندووە.
پەیوەندییە باشەکەی نێوان نیکۆ و هەندێک لە یاریزانانی بارسێلۆنا، کە لە پاڵەوانێتی خولی نەتەوەکانی ئەورووپادا هاوتیپی بوون، هۆکارێکی کاریگەر بووە لە کردنەوەی دەرگای گرێبەستەکە، هەرچەندە سەرۆک هێشتا بەوریاییەوە مامەڵە دەکات.
پشتگیری بۆ گرێبەستەکە تەنیا لەلایەن سەرۆکی یانەکەوە نییە، بەڵکو نیکۆ ویلیامز پشتیوانییەکی زۆری لەناو بازنەی وەرزشیی بارسادا هەیە. لەپاڵ بەهرەکەیدا، یاریزانەکە لەڕووی تەمەن و گونجانی پێشبینیکراو لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەی پێکهاتەکەدا بەگونجاو دادەنرێت، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە بژاردەیەکی نموونەیی بۆ بنیاتنانی پڕۆژەیەکی بەهێز کە پشت بەبەهرە گەنجەکان دەبەستێت.