میلان دەیەوێت گۆڕانکاری بکات و دوو ئەستێرە لە پلانەکانی یانەکەدان
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئەیسی میلان ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەکات و دەیەوێت چەند یاریزانێکی نوێ بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا رکابەری لەسەر نازناوەکان بکات.
دوای ئەوەی یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ماسیمیلیانۆ ئالێگری کرد بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت، ئێستا کارگێڕیی یانەکە سەرقاڵی رێکخستنەوەی ریزەکانی تیپەکەیە و چەند یاریزانێکی دیاری کردووەتەوە ئامانج بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بیانباتە یانەکەی.
میلان بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی بەدوای هێرشبەرێکی ژمارە 9ـدا دەگەڕێت کە توانای ئەوەی هەبێت لە وەرزێکدا زیاتر لە 10 گۆڵ تۆماربکات، بۆ ئەوەش دۆشان ڤلاهۆڤیچ، هێرشبەری سێربی و یانەی یوڤێنتوسی کردووەتەوە ئامانج و یەکێکە لەو یاریزانانەی ناوی لەپێشەوەی لیستی یاریزانە داواکراوەکانی ئالێگرییە.
میدیای ئیتاڵی دەڵێت "گواستنەوەی ڤلاهۆڤیچ بۆ میلان زۆر زەحمەت نییە، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ یوڤێنتوس کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستاش یەکلانەبووەتەوە یاریزانەکە دەمێنێتەوە یان دەڕوات."
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی یانەی ئەیسی میلان گرێبەستکردنە لەگەڵ گرانیت شاکا، ئەستێرەی یانەی بایرلیڤەرکوزنە، یاریزانەکە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەکە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، ئێستا یاریزانەکە نرخی 12 ملیۆن یۆرۆیە و گرێبەستەکەی لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیتاڵیا، میلان لەگەڵ نزیکەکانی گرانیت شاکا لە گفتوگۆدایە و بەمزووانەش لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن هەنگاوە فەرمییەکانی دەستپێدەکات.
جگە لەو دوو یاریزانە میلان بەدوای یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست، یەکێکی بەرگریی باڵی چەپ و یەکێکی بەرگریی باڵی راستدا دەگەڕێت.