شەیدابوونی ئەستێرەکان بۆ پۆشینی درێسی بارسا و ریال


هەندێک یانە هەن سەرکەوتنە نێوخۆییەکانیان، یان زاڵبوونیان بەسەر نازناوە ناوخۆییەکان وایکردووە یاریزانانی ئەو خولە نەتوانن بەرگەی ئەوە بگرن ئەو یانەیە هەوڵی گواستنەوەیان بدات و ئەوان رەتیبکەنەوە، بۆ نموونە لە چەند ساڵی رابردوودا، یوڤێنتوس مەبەستی هەر یاریزانێک بووبێت لە خولی ئیتاڵی، گواستیەتەوە بۆ ریزەکانی، هەمان شت بۆ خولی ناوخۆ لە فەرەنسا بۆ پاریس و لە ئەڵمانیا بۆ بایرن میونشن راستە، بەڵام جیاواز لەم یانانە، تەنیا بارسا و ریال توانیویانە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەوروپا و جیهان کارێک بکەن ئەستێرەکان خەون بە پۆشینی درێسی ئەم دوو یانە ئیسپانییەوە ببینن.

کولتوری هێنانی یاریزانی سوپەرستار، لە 20 ساڵی رابردوودا، کولتورێکە تایبەتە بە یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید. بە ئاسانیی باشترینەکانی خول و یانەکان راو دەکەن، ئەو ئەستێرانەشی کە دوو جەمسەرە گەورەکەی ئیسپانیا بەئامانجیان دەگرن، خودی یاریزانەکە ئامادەیە قوربانی بۆ سەرگرتنی ئەو هەوڵە بدات. هیچ یانەیەک لە 20 ساڵی رابردوو هێندەی ئەم دوو یانەیە ئەستێرەی گەورەی یانەی خولەکانی دیکەی بە گواستنەوە رازی نەکرووە. چەندین ئەستێرە لەپێناو ئەم دوو یانەیە یاخیبوونیان لە یانەکانیان راگەیاند، چونکە ئەو یاریزانەی روو لەم دوو یانەیە دەکات، زۆر بارودۆخ لەبەرچاو دەگرێت، چونکە لە زۆربەی یانەکانی جیهان زیاتر لەسەر ئاستی مێدیا بایەخیان پێ دەدرێت. بازنەی جەماوەرییان فراوان دەکەن. بۆ نموونە رەنگە جەماوەری نەیمار لە پاریس زیاتر بێت، بەڵام ئەوە مەحاڵە جەماوەری نەیمار لە بارسا و ریال زیاتر بێت. ئەو یاریزانەی مێرەنگی و بلاوگرانا هەڵدەبژێرێت، لەو راستییە تێدەگات مێدیا لە ئیسپانیا زیاتر گرنگیی پێ دەدات. چانسی بەدەستهێنانی نازناوی بە کۆمەڵ و تاکەکەسیی زیاترە، دەرفەتی باشتری بۆ دەڕەخسێت لە پێکهاتەی نموونەییدا خۆی ببینێتەوە.

 لە رابردوودا هەر یاریزانێک لە سێبەری رۆناڵدۆ، زیدان، فیگۆ، کریستیانۆ، مێسی و ریڤاڵدۆ یاریی کردبێت، مێدیا گرنگییەکی زیاتری پێداوە بە بەراورد بە یانەکەی پێشووی. بۆ نموونە بەیڵی تۆتێنهام ئاستبەرزتر بوو، بەڵام بەیڵی ریال بەنێوبانگتر بوو، مودریچ لە ریال ناسرا هەروەها ڤاران و چەندانی دیکەش. رەنگە زۆر بەگریکار لە مێژوودا هەبێت، کە شایەنی ئەوە بووبن لانیکەم هێندەی رامۆس و پێسی مەدع و سەنا بکرێن، بەڵام یاریکردنیان لە ریال و بارسا مانایەکی گەورەی بەم دوو بەرگریکارە کاریگەر و بەنێوبانگە بەخشی. چەندین گۆڵچی ئاستبەرزتر و گرانبەهاتر لە ڤاڵدێس و ناڤاس هەیە لەسەر ئاستی یانەکانی ئەوروپا، بەڵام هەمیشە پانتاییەکی گەورەتر بۆ قسەکردن لەسەر ئەم دوو گۆڵچییە لە رابردوودا زیاتر رەخساوە. نموونەکان زۆرە. بە کورتی زۆربەی ئەستێرەکان شەیدای پۆشینی ئەم درێسەن.

لە 15 ساڵی رابردوودا زۆرترین خەڵاتی تاکەکەسیی بۆ ئەستێرەکانی ئەم دوو یانەیە بووە، هەر بۆیە ژمارەیەک لە ئەستێرەکان بەم خەونەوە بیر لە ئایندەیان لەگەڵ بارسا و ریال دەکەنەوە. زۆربەی ئەو ئەستێرانەی یانەکانیان بە بارسا و ریال دەگۆڕنەوە لە بێئومێدی و بێدەستکەوتی بە کۆمەڵ و تاکەکەسی لەگەڵ یانەکانیان ناچاریان دەکات کە ریال و بارسا وەک دوایین دەلاقەی بینینی خەونەکانیان تەماشابکەن، هەر بۆیە ئەم دوو یانەیە رووبەرێک بووە بۆ ئەوەی هەمیشە بیر و هۆشی زۆر ئەستێرە دیارەکان داگیر بکات و بەجۆرێک تووشی شەیدایی پۆشینی ئەم درێسانەیان بکات،  کە نەتوانن بە ئاسانی ئۆفەری بەرپرسانی ئەم دوو یانەیە رەتبکەنەوە، نەک رەتکردنەوە، بەڵکو وەک ئەوەی گرێی بەختیان کرابێتەوە، بەو چەشنە قوربانی بە زۆر شت دەدەن، لەپێناو گەیشتن بە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و کامپ نو. ئەمە جگە لە هەژموونی بارسا و ریال لەسەر ئاستی ئەوروپا کەەئەمەش خەونی هەموو ئەستێرەیەکە کە چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنیت، هەر بۆیە دەستکەوتەکانی ئەوروپا پاڵنەرێکی دیکەی هاتنی ئەستێرەکانی بۆ ریزەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا.