نیوکاسل راهێنەری نوێی دیارییکرد


رووداو - هەولێر

یانەی نیوکاسلی ئینگلیزی بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ستیف بروس راگەیاند، بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە.

یانەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو راهێنەرە 58 ساڵە راگەیاندووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ، مەشق و راهێنان بە یانەکە دەداتەوە لە یاریگەی سانت جەیمس پارک و جێگەی رافایێل بێنێتێزی ئیسپانی دەگرێتەوە.

لە پۆستە نوێیەکەی بروسیدا، هەریەکە ستیف ئانیۆ و ستیڤن کلیمنس هاوکاریی دەکەن، لەپێناو بردنە پێشەوەی یانەکە و باشترکردنی ئەنجامەکانی.



بروس لە دوای بوون بە راهێنەری نیوکاسل بە کەناڵی یانەکەی گوت، من زۆر دڵخۆشم و هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم، وەک راهێنەری نیوکاسل دەستنیشانکراوم، ئەمە ئەو یانەیە منداڵی من و یانەی باوکیشم بوو، ئەمە کات و ساتێکی زۆر تایبەتە بۆ من و خانەوادەکەم.

راهێنەرە بەریتانییەکە زیاتر گوتی، تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورە لەبەردەم ئێمەیە، بەڵام ئێمە ئامادەین و دەمانەوێت هەموو شتێک لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بۆ یانەکە بکەین.