ئامادەکاری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەردەوامە

رووداو دیجیتال 

هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە کەربەلا بەردەوامە.

راهێنانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق ماوەی 20 رۆژە لە شاری کەربەلا دەستیپێکردووە و ماوەی مانگێک بەردەوامدەبێت، راهێنان و یاریزانان لەژێر چاودێریی تیپێکی بەهێزی پزیشکدان و بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان رۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا راهێنان دەکەن. 

قەحتان جەسیر، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند "زۆر بایەخ بە بەرزکردنەوەی ئاستی توانای جەستەیی یاریزانانمان دەدەین، لەبەرئەوەی ماوەی پێنج مانگە یاریزانانمان لە ماڵەوە بوون و دەبێت بتوانین ئاستیان جارێکی دیکە بەرز بکەینەوە". 

جەسیر روونیشکردەوە "لە ناوخۆی عێراق ناتوانین هیچ یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاری ئەنجامبدەین، هەر بۆیە داوای کەمپێکی راهێنانم لە دەرەوە کردووە، یان لە تورکیا یان لە سعودیە، بۆ ئەوەی تیپەکەم بە باشترین شێوە ئامادە بکەم بۆ یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا". 

بڕیارە یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ خوار 19 ساڵ لە ناوەڕاستی مانگی 10ی داهاتوو لە ئۆزبەگستان دەستپێبکات، هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کۆریای باکوور، تایلەند لەگەڵ ژاپۆن یاری دەکات.