ئەمشەو لایەنی دووەمی یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ دەردەکەوێ
رووداو دیجیتال
10 ساڵی رێکە ناوی ئینتەرمیلان لە گۆڕەپانی ئەوروپادا نییە، نۆ ساڵە هیچ نازناوێکی نێوخۆیی لە دەرگای خەزێنەکەی نیرازووری نەداوە، ئیدی ئەوانەی درێسی رەش و شین لەبەردەکەن، حەوسەڵەی ئەوەیان نەماوە کە یانەکەیان تەنیا بۆ بەشداریکردن بچێتە پاڵەوانێتییەکان، ئەوان نازناویان دەوێ، کۆنتیش ئەرکەکەی قورسە.
لە قۆناخی پێشکۆتایی خولی ئەوروپا، کە بە یۆرۆپالیگ ناسراوە، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتالی، دوای ئەوەی لە کۆمەڵەکەی چامپیۆنزلیگدا کە بارسێلۆنا، دۆرتموند و ئایندهۆڤنی لەگەڵدا بوو، بە پلەی سێیەم گەیشتە یۆرۆپالیگ، ئیدی دوای ئەوەی هاندەران لە بەدەستهێنانی سکۆدیتۆی ئیتالیا بێهیوابوون، هەموو هەولێكیان بۆ بەدەستهێنانی خولی ئەوروپی خستووەتەگەڕ.
ئەرکی ئەمجارەی کۆنتی ئاسان نییە، ئەوان کە بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانییان لە خاکی مانشافتدا دوورخستەوە، ئێستا دەبێت پاڵەوانی ئۆکرایناش بکەنە دەرەوە، بۆ ئەوەی بەگەنە فایناڵ و بەرامبەر بە یانەی سێڤییای ئیسپانی یاری بکەن.
شاختاری ئۆکراینی کە تاکە نازناوی ئەوروپیی ئەوان بەدەستهێنانی دوایین ڤێرژنی یۆفا کەپ بوو، کە ساڵی 2009 بەسەر یانەی ڤێردێربرێمنی ئەڵمانیدا سەرکەوتن بوونە پاڵەوان، ئیدی لەدوای ئەو ساڵە ناوی پاڵەوانێتییەکە کرا بە یۆرۆپالیگ، ئەمساڵ ئەوان بە شێوەیەکی دراماتیکییانە لەسەر دەستی ئاتالانتای ئیتالی لە خەونی گەیشتن بە قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکان بێبەشکرا و نێردرا بۆ یۆرۆپالیگ، لە قۆناخی رابردووی ئەم خولەشدا یانەی بازلی دەرکرد.
ئینتەر دوای ئەوەی 10 ساڵ لەسەریەک بێبەشبوو لە خولە ئەوروپییەکان، ئەمە یەکەمجارە دەگەڕێتەوە و دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی، پێشتر هەشت جار گەیشتووەتە پێشکۆتایی خولە ئەوروپییەکان و لە سەرجەمیشیاندا پەڕیوەتەوە بۆ کۆتایی، چوار جاریان لە یۆرۆپالیش و چواریش لە چامپیۆنزلیگ، کوڕانی نیرازووری خاوەنی دووەم زۆرترین نازناوی ئەم پاڵەوانێتییەن بە 3 جار، کە سەرجەمیان لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 1998 ـدا بوون.