ڤیدیۆ؛ کەین و دیاز گۆڵەکانیان تۆمارکرد.. بایرن یەکەم نازناوی بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن نازناوی جامی سوپەری فرانز بیکنباوەری بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بردنەوەی بەرامبەر یانەی شتوتگارت تۆمارکرد.
 
یارییەکە لە یاریگەی شتوتگارت بەڕێوەچوو، دوای 17 خولەک یارییکردن هاری کەین دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و باڤارییەکان پێشکەوتن.
 
دوای ئەوە نیک ڤۆلتێمادێ هەلێکی ئاسانی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بۆ شتوتگارت لەدەستدا، نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی بایرن میونشن کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامبوون، لە خولەکی 76 لویس دیاز، یاریزانی نوێی بایرن میونشن یەکەم گۆڵی خۆی لە یاریی فەرمیدا بەدرێسی یانەکەوە تۆمارکرد و لەسەر شێوازی دیۆگۆ جۆتای هاوڕێی کۆچکردووی ئاهەنگی گێڕا.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە جەیمی لێولینگ ئەنجامەکەی بۆ شتوتگارت کەمکردەوە، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بایرن میونشن یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و بۆ جاری یازدەیەم نازناوی جامی سوپەری ئەڵمانیای بەدەستهێنا و خاوەنی زۆرترین نازناوە.