بارسێلۆنا دەیەوێت گرێبەستێکی گرنگ لە قورگی ریال مەدرید دەربێنێت

رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، یانەی بارسێلۆنا هاتووەتە سەرهێڵی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرگریکاری فەرەنسی، ئیبراهیما کۆناتێی یاریزانی یانەی لیڤەرپوول، کە بەئامانجێکی سەرەکیی رکابەرە هەمیشەییەکەی، ریال مەدرید دادەنرێت
 
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی کۆناتێ لەگەڵ لیڤەرپوول تاوەکو هاوینی 2026 درێژەی هەیە، بەڵام چوونە ناو ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەیەوە، ئارەزووی یانە گەورەکانی ئەورووپای ورووژاندووە.
 
سەرەڕای ویستی بارسا، چانسی بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکە نزیکە لە مەحاڵ، بە لەبەرچاوگرتنی داواکارییە داراییەکانی لیڤەرپوول کە لە 50 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نابێت، ئەمەش ژمارەیەکە کە لەگەڵ دۆخی سەختی ئابووریی یانە کەتەلۆنییەکەدا ناگونجێت.
 
ئەگەر بارسێلۆنا چاوەڕێ بکات تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستی یاریزانەکە بۆ ئەوەی بەخۆڕایی بیباتە ریزەکانی، ئەوا رووبەڕووی هێزی ئابووریی ریال مەدرید دەبێتەوە، کە رێگەی پێدەدات پاداشتی واژۆکردن و مووچەیەکی ساڵانە پێشکەش بکات کە زۆر لەوە زیاترە بارسێلۆنا بتوانێت پێشکەشی بکات.
 
ئەم سیناریۆیە ئەو گرێبەستە زۆرانەمان بیردەخاتەوە کە یانەی شاهانە لە ساڵانی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو لە رکابەرەکەی بردووەتەوە، کە توانیویەتی بەهرە لاوە دیارەکانی وەک ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ، دانی سیبایۆس، و لەم دواییانەشدا بەهرە تورکییەکە، ئاردا گولەر بۆ لای خۆی رابکێشێت، کە هەموویان لەژێر راداری بارسێلۆنا بوون.
 
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ململانێی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریگای سەوزەوە گوازراوەتەوە بۆ نووسینگەکانی دانوستاندن لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا.
 
ئەنجامەکەش زۆربەی کات یەک شت بووە؛ سەرکەوتنێکی روونی یانەی شاهانە. توانای دارایی بەهێزتر و پڕۆژەی وەرزشیی سەقامگیرتر و سەرنجڕاکێشتر، هەموو ئەمانە هۆکارگەلێک بوون کە ریال مەدریدیان باڵادەستتر کردووە لە یەکلاییکردنەوەی ئەو گرێبەستانەی کە هەردوو یانە کێبڕکێی راستەوخۆیان لەسەر کردووە.
 
یاریزانانی وەک ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ ئەمڕۆ بوونەتە پایەی سەرەکی لە پێکهاتەی تیپەکەدا، لەکاتێکدا لەوانەیە کاروانی وەرزشییان رێڕەوێکی دیکەی وەرگرتبووایە ئەگەر بارسێلۆنا سەرکەوتوو بووایە لە رازیکردنیان بە پڕۆژەکەی.
 
کۆناتێ: خەونێکی کەتەلۆنیی دوورەدەست؟
 
گومانی تێدا نییە کە هاتنی بەرگریکارێکی بەهرەمەندی وەک ئیبراهیما کۆناتێ، زیادکردنێکی جۆریی گەورە دەبێت بۆ بەرگریی بارسێلۆنا کە لە هەندێک کاتدا تووشی کێشە بووە.
 
یاریزانەکە خاوەنی هێزی جەستەیی، خێرایی و ئەزموونە لەسەر ئاستی ئەوروپا، کە ئەم تایبەتمەندییانە یانە کەتەلۆنییەکە بە تووندی بەدوایاندا دەگەڕێت.
 
بەڵام واقیع خۆی دەسەپێنێت، قەیرانی دارایی کە بارسێلۆنا پێیدا تێدەپەڕێت، وا دەکات قورس بێت بتوانێت رکابەریی دەستەوارە گەورەکان بکات، جا چ لەڕووی نرخی گواستنەوەوە بێت یان مووچە و پاداشت.
 
ریال مەدرید لەلای خۆیەوە، کۆناتێ وەک جێگرەوەی داهاتووی کۆمەڵێک لە بەرگریکارەکانی دەبینێت و بە پارچەیەکی سەرەکیی دادەنێت لە پڕۆژەی دروستکردنی تیپێک بۆ داهاتوو، و ئامادەیە پارەی پێویست بدات بۆ مسۆگەرکردنی خزمەتگوزارییەکانی.
 
جەنگی پڕۆژەکان
 
لە کۆتاییدا ناکرێت جەنگی گواستنەوەکان تەنیا لە لایەنی داراییدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو پڕۆژەی وەرزشی و سەرنجڕاکێشییەکەی رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن.
 
ریال مەدرید سەلماندوویەتی کە توانای دروستکردنی تیپێکی یەکگرتووی هەیە کە ئەزموون و گەنجی تێدا کۆکردووەتەوە و توانای کێبڕکێکردنی لەسەر هەموو نازناوەکان هەیە، ئەمەش هەر یاریزانێک هان دەدات پەیوەندی پێوە بکات.
 
لەلایەکی دیکەوە، پڕۆژەکەی بارسێلۆنا هێشتا گیرۆدەی هەندێک شێواوی و ناسەقامگیریی هونەری و کارگێڕییە، سەرەڕای باشبوونی ئاستی یاریکردنی لە وەرزی رابردوودا، بۆیە هەوڵی بارسێلۆنا بۆ رفاندنی گرێبەستی کۆناتێ، زیاتر لە مانۆڕێکی میدیایی دەچێت وەک لە هەنگاوێکی واقیعی، ئەوەش لە سۆنگەی پێشکەوتنی بەرچاوی ریال مەدرید لە پێشبڕکێی گرێبەستە گەورەکاندا لە ساڵانی دواییدا.