تایبەت بە رووداو سپۆرتس.. هەولێر یاریزانێکی پێشووی ریال مەدرید رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لەسەر هەنگاوەکانی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامە، یانەکە گواستنەوەی یاریزانێکی پێشووی یانەی ریال مەدرید رەتدەکاتەوە.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی یاریزانێکی پێشووی یانەی ریال مەدرید بۆ یانەی هەولێر بڵاوکرایەوە، بەڵام یانەکە لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکشێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، ئەو یاریزانە فرانچو فێویلاسێر، یاریزانێکی ئەرجەنتینییە، تەمەنی 27 ساڵە، هێرشبەرە و پێشتر لە تیپی لاوانی ریال مەدرید، کاستیا مەدرید و یانەی ئێباری ئیسپانی یارییکردووە.لە وەرزی رابردوودا یاریزانەکە لە خولی قوبرس یاریی بۆ یانەی کارمیۆتیسا کردووە.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، دوای ئەوەی باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر بەدواداچوون بۆ ئەو یاریزانە و ئاستی دەکات، بۆی دەردەکەوێت لە وەرزی رابردوودا یاریزانەکە کەمترین یارییکردووە و تووشی پێکانێکی قورس بووە، بۆیە بە کارگێڕیی یانەکەی گوتووە، پێویستیمان بەو یاریزانە نییە، بەمەش یانەی هەولێر خۆی لە گواستنەوەی یاریزانەکە کێشایەوە.
فێویلاسێر لە مار دێل پلاتای ئەرجەنتین لە دایکبووە، لە هێڵی پێشەوەی هێرشبەری و هەردوو باڵی راست و چەپ یاریی دەکات و ئێستا بێ یانەیە.