ڤیدیۆ؛ ئینتەرمەیامی بردییەوە، مێسی گۆڵی کرد و بووە باشترینی یاری

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی سەرکردایەتیی یانەی ئینتەرمەیامیی کرد بۆ گەڕانەوە بۆ سەر سەرکەوتنەکان و لە خولی ئەمریکیدا لە یانەی سیاتل ساوندەرزیان بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی خولی ئەمریکادا، ئینتەرمەیامی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی سیاتل ساوندەرز یارییکرد.
 
دوای 11 خولەک یارییکردن، لیۆنێل مێسی ئاسیستێکی کرد و خۆردی ئالبا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 27 مێسی نزیکبوو ئینتەرمەیامی بکاتە خاوەنی دوو گۆڵ، بەڵام ستوون رێگەی نەدا.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە پێنج خولەک، مێسی گۆڵێکی تۆمارکرد و خاوەن یاریگە بووە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
لە خولەکی 51 یان فران بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی یانەی میوانی هەژاند و ئینتەرمەیامی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیکبووەوە.
 
لە خولەکی 69 عوبێد ڤارگاس ئەنجامەکەی بۆ سیاتل کەمکردەوە و گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام بێ سوود بوو، ئینتەرمەیامی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سێ خاڵی یارییەکەی بردەوە.
 
دوای یارییەکە لیۆنێل مێسی بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، ئینتەرمەیامی بووە خاوەنی 49 خاڵ و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندە، بەڵام سێ یاریی کەمتر لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە و هەشت خاڵ لە پلەی یەکەمەوە دوورە.