پاڵەوانی جیهان میوانی باڤاریایە و لووتکەی چامپیۆنزلیگ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی، پاڵەوانی جیهان یەکەم یاریی خۆی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا ئەنجامدەدات و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی بایرن میونشن دەبێتەوە.
 
یانە لەندەنییەکە دوایین مەشقەکانی لە کۆبهام لە لەندەن ئەنجامدا و دوای ئەوە چووە هەرێمی باڤاریا، بۆ ئەوەی یەکەم یاریی لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بایرن میونشن ئەنجامبدات، چێڵسی پاڵەوانی مۆندیالی یانەکانە و لە سەرەتای ئەم وەرزەی پرێمەرلیگدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت بە یەکەم بردنەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگیش، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
 
لە ریزەکانی یانەی چێڵسی، لیام دێلاپ، رۆمیۆ لاڤیا، بێنویت بادیاشیلی و لێڤی کۆلویل پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
یانەی بایرن میونشن بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵ لە رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا.
 
باڤارییەکان سێ بردنەوەی لەسەریەکیان لە بوندێسلیگادا تۆمارکردووە و دەیانەوێت بردنەوەی چوارەمیان لە چامپیۆنزلیگدا بێت.
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو هەریەکە لە جەمال موسیالا، ئەلفۆنسۆ دەیڤز، رافایێل گێرێرۆ و هیرۆکی ئیتۆ لە پێکهاتەی ڤینسێنت کۆمپانیدا نابن و یاری ناکەن.
 
بایرن میونشن و چێڵسی 6 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، بایرن خاوەنی چوار بردنەوەیە، چێڵسی دوو یاریی بردووەتەوە، ئەمە یەکەم یاریی هەردوو یانەیە لە دوای 2013 کە ئەو کاتە بایرن لە یاریی جامی سوپەری ئەورووپادا لە لەندەنییەکانیان بردەوە.