دووەمی چامپیۆنزلیگ لە هۆڵەنداوە دەچێتە نێو چامپیۆنزلیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلان، دووەمی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەچێتە نێو رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و بەرامبەر یانەی ئایاکسی هۆڵەندی یاری دەکات.
 
ئینتەرمیلان لە وەرزی نوێدا لەژێر سەرپەرشتی کریستیان چیڤو یاری دەکات و دەیەوێت هەنگاوەکانی بە یەکەم بردنەوە لە چامپیۆنزلیگدا دەستپێبکات.
 
نیرازۆری جگە لە ماتیۆ دارمیان، سەرجەم یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە ئامادەن و بە ئامانجی بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵ چووەتە هۆڵەندا، بەڵام دۆڕانی لە دوایین دوو یاریی سێری ئادا، بەرامبەر یوڤێنتوس و ئودینێزی هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردوو ەو چاویان لە ئەنجامی باشترە.
 
ئینتەرمیلان لە یاریی کۆتایی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر پاریس سانجێرمان دۆڕا و نازناوەکەی لەدەستدا، بۆ ئەم وەرزە ئەرکی یانەکە زەحمەتە.
 
دوای نزیکەی 20 ساڵ ئەمە یەکەمجارە هەردوو یانە لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانەی ئایاکس ئەمستردام دەیەوێت سەرەتا باشەکەی لە خولی هۆڵەندادا بباتە نێو رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ و یەکەم یاریی لە یاریگەی خۆیدا بباتەوە.
 
ئایاکس لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ئینتەرمیلان دەکات و تیپەکە بۆ یەکەم دەرکەوتنی ئامادەیە.
 
یانە هۆڵەندییەکە لە 5 گەڕی ئەم وەرزی خولی هۆڵەندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت لەسەر ئاستی ئەورووپاش بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە، یارییەکە رووبەڕووبوونەوەی دوو هاوڕێی پێشوویە، جۆن هێتینگا لە یانەی ئایاکس و کریستیان چیڤو لە یانەی ئینتەرمیلان.
 
لە یانە هۆڵەندییەکە بەهۆی پێکانەوە ستیڤن بێرخڤایس، ئارۆن باومان و برانکۆ ڤان دێن بۆمێن یاری ناکەن.
 
هەردوو یانە پێنج یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ئینتەرمیلان سێ بردنەوەی هەیە، ئایاکس بردنەوەیەک و یارییەکیش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، لە دوای وەرزی 2005-2006 یەکەمجارە هەردوو یانە یارییەک بەرامبەر یەکدی بکەن.