هەولێر میوانداریی پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە هەفتەی داهاتوو وڵاتی عێراق میوانداریی یارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لەسەر ئاستی لاوان بکات، کە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمی پاڵەوانێتییەکە لە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری شاری هەولێر بەڕێوەدەچن. 


لەم پاڵەوانێتییەدا نۆ هەڵبژاردە بەشدارییان کردووە، ئەوەی تایبەت بێت بە کۆمەڵەی دووەم کە یارییەکانی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن بریتین لە هەڵبژاردەکانی ئیمارات، ئوردن، سوریا لەگەڵ لوبنان، بڕیارە رۆژی یەکشەممە شاندی ئەو هەڵبژاردانە بەشێوەیەکی فەرمی بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

فیراس بەحرلعلوم، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئامادەکارییەکی زۆرباشمان لە رووی میوانداری و بەڕێوەچوونی یارییەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەنجامداوە، دەتوانین لە رێگای لیژنەکانمان جوانترین پاڵەوانێتی بەڕێوەببەین".

بەهۆی بوونی هۆتێلی باش و سەقامگیری باری ئاسایش بەردەوام شاری هەولێر بووەتە جێگای باوەڕی فیفا بۆ ئەوەی یارییە نێودەوڵەتییەکان لەم شارە بەڕێوەبچن، پێشتر یارییەکانی پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لەسەر ئاستی پێشکەوتووان، جامی یەکێتیی ئاسیا، جامی عەرەب، جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لەگەڵ پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەچووە. 

بەحرلعلوم روونیشکردەوە " سوپاسی بەرپرسان و هەموو خەڵکی دڵسۆزی شاری هەولێر دەکەم کە بەپیرمانەوە هاتوون و لەگەڵمانن، ئێمە دڵنیاین لە ئەزموون و کارە جوانەکانی برایانمان لە شاری هەولێر کە پێشتر بەشێوەیەکی سەرکەوتوو خول و پاڵەوانێتییەکانیان بەڕێوەبردەوە". 

رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بۆ ئاستی لاوان لە هەولێر دەستپێدەکات و یارییەکانیش بەمێشوەیە دەبێت : 

سوریا – لوبنان
ئیمارات – ئوردن