فیفا: سووکایەتیپێکەران بلۆک دەکەین و بێبەشیان دەکەین لە کڕینی بلیت


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، خزمەتگوزاریی پاراستنی لە سووکایەتیپێکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوێکردەوە و چەند وەشانێکی دیکە بۆ زیادکرد، ئەم خزمەتگوزارییە بە درێژایی ساڵ بەردەستە بۆ هەموو یاریزانان، تیپەکان، بەرپرسان و کارگێڕانی بەشدار لە پاڵەوانێتییەکانی فیفا و دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن و بەدواداچوونی بۆدەکرێت.
 
فیفا لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد، لە کاتی دەستپێکردنی ئەم خزمەتگوزارییە لە 2022ـەوە، زیاتر لە 65,000 پۆستی سووکایەتیپێکردن راپۆرت کراون، بە ئامانجی پێداچوونەوە و سڕینەوەیان، کە زیاتر لە 30,000 پۆستیان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بووە.
 
هەروەها فیفا دەڵێت لە چەند وڵاتێک دۆسییەکان بۆ پۆلیس رەوانە کراون و فیدراسیۆنە نیشتمانییە پەیوەندیدارەکان لەم رووداوانە ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی و پێویست بگرنەبەر.
 
فیفا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی کە خزمەتگوزارییەکە کارایە و رێوشوێنی توند دەگرنەبەر بۆ بنبڕکردنی سووکایەتیپێکردن بە وەرزشڤانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
 
بە گوتەی فیفا، سووکایەتیپێکەران بلۆک دەکرێن و رێگەیان پێنادرێت لە داهاتوودا بلیت بۆ هیچ یەکێک لە چالاکییەکانی تایبەت بە فیدراسیۆنەکە بکڕن.