پاریس و فلامینگۆ رکابەری لەسەر نازناوێکی مێژوویی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت دڵخۆشییەکەی لە قەتەر تەواو بکات و نازناوی جامی ئینتەرکۆنتێنتال بباتەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی فلامینگۆی بەرازیلی یاری دەکات.
پاریس سانجێرمان دوای بردنەوەی نازناوی وەرزی رابردووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ یەکەمجار لە مێژووییدا، گەیشتە یارییەکانی جامی ئینتەرکۆنتێنتال و دەیەوێت نازناوەکە بباتەوە پاریس.
ئەنجامدانی ئەم یارییە لەلایەن یانە فەرەنسییەکە دوای رۆژێک لە بردنەوەی هەردوو خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان و باشترین راهێنەری جیهان، لەلایەن عوسمان دێمبێلێ و لویس ئێنریکییەوە دێت و یانە فەرەنسییەکە دەیەوێت بەبردنەوەی ئەم نازناوە خۆشییەکەی تەواو بکات و بە نازناوەوە بگەڕێتەوە.
پێشتر پاریس سانجێرمان نازناوی خولی فەرەنسا، جامی فەرەنسا، چامپیۆنزلیگ، جامی سوپەری فەرەنسا و جامی سوپەری ئەورووپای بەدەستهێناوە و دەیەوێت شەشەم نازناو لەم وەرزەیدا بباتەوە و مێژووییەکی نوێ بە ناوی خۆیەوە تۆماربکات.
یانەی فلامینگۆی بەرازیلی لەژێر سەرپەرشتی فیلیپی لویس، بەباشترین کاتەکانی تێدەپەڕێت و دەیەوێت بەبردنەوەی لە پاریس سانجێرمان درێژە بە سەرکێشییەکانی بدات و نازناوی جامی ئینتەرکۆنتێنتال بباتەوە بەرازیل.
فلامینگۆ رۆژی سێشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و تیپەکە ئامادەیە، فلامینگۆ پێشتر دوو یاریی لەم جامەدا کردووە، لە هەردوو یانەی کروز ئازۆل و پیرامیدزی بردووەتەوە و بۆ رووبەڕوبوونەوەی پاریس سانجێرمانیش ئامادەیە.
یانە بەرازیلییەک لە دوایین 7 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دوای بردنەوەی جامی لیبەرتادۆرێس لەسەر ئاستی ئەمریکای باشوور، دەیەوێت ئەمجارە لەسەر ئاستی جیهان نازناوێک بباتەوە، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە کاتێک بەرامبەر پاڵەوانی ئەورووپا یاری دەکەن.
یارییەکە کاژێر 20:00 لە یاریگەی بەیت بەڕێوەدەچێت و هەردوو تیپ رکابەری لەسەر ئەوە دەکەن ببنە پاڵەوانی جیهان.