لە خولی نایابی کوردستاندا گەڕی گەڕانەوە بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچن و رۆژی پێنجشەممە سێ یاری گرنگ لەخۆ دەگرێت، کە بەگەڕی گەڕانەوە نێودەبرێت.
لە خوارەوە خوێندنەوە بۆ هەر یەکێک لەو سێ یارییانە دەکەین:ـ
قەڵادزێ ـ دەربەندیخان
دوو یانە کە هەردووکیان ماوەیەکە تووشی قەیرانی ئەنجام بوونە، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە دەلاقەی سەرکەوتن بدۆزنەوە.
قەڵادزێ بەسەرەتایەکی باش لە خولەکە دەستیپێکرد، بەڵام یاری لە دوای یاری کێشەکانی یانەکە دەستییانپێکرد و کێشە داراییەکان تەنگیان بە یانەکە هەڵچنی. هێمن عەبدولڕەحمانی راهێنەری یانەکە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت دەستلەکاربکێشمەوە".
قەڵادزێ لەکۆی ئەنجامدانی حەوت یاری تەنیا یەک یاری بردووەتەوە بەکۆکردنەوەی شەش خاڵ لە پلەی 10ـەمی ریزبەندی دەبینرێت.
یانەی دەربەندیخانیش لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لە حەوت یارییدا تەنیا دوو گۆڵی تۆمارکردووە، لە دوایین پلەی ریزبەندیی خولی نایابی کوردستاندا دەبینرێت، هەرچەندە دەربەندیخان راهێنەری یانەکەشی گۆڕی، بەڵام هێشتا یانەکە نەیتوانیوە بە سەرکەوتن شاد ببێت.
بەبۆچوونی من، ئەم یارییە سەنگی مەحەکە بۆ هەردوو تیپ، قەڵادزێ بە بردنەوەی هەناسەیەک دەدات و لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندیی دووردەکەوێتەوە و بۆ دەربەندیخانیش هەر هەمان سیناریۆ دەبێت.
هەندرێن ـ رانیە
یانەی هەندرێنی پێشەنگی ریزبەندی بەرامبەر رانیە یاری دەکات، هەردوو یانە لە پێنج یانە باشەکەی ئەم وەرزەن، بەڵام هەردوو یانە لە دوایین چوار یارییاندا تامی بردنەوەیان زۆر نەکردووە، بەشێوەیەک هەندرێن لە دوایین چوار یاری تەنیا بردنەوەیەکی هەیە و رانیەش لە دواچوار یاریی هیچ بردنەوەیەکی نییە.
رانیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئاستی جێگر نییە و هەندرێنیش لە یاریگەی خۆیدا دوو یارییە تامی سەرکەوتنی نەکردووە و لەم یارییەدا دەیەوێت سێ خاڵ پێشکێشی هاندەرانیان بکەن.
هەندرێن لە کۆی حەوت یاری 15 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پێشەنگی ریزبەندییە و رانیەش 9 خاڵی هەیە و پێنجەمە.
سیروانی نوێ ـ پیشەسازی
یانەی سیروانی نوێ یەکێکە لە باشترین تیپەکانی ئەم وەرزە و یانەکە هەم لە رووی ئاستەوە و هەم لە رووی ئەنجامەوە یەکێکە لەو یانانەی جێگای سەرنجی هەمووانە و یەکێکە لە هێرشبەریترین یانەکانی ئەم وەرزەی خولەکە و بەکۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی سیێەمی ریزبەندییەکەدایە.
هەرچی یانەی پیشەسازییە، لە پلەی 11ـی ریزبەندییە و یانەکە بە قەیرانی ئاست و ئەنجام تێدەپەڕێت و یانەکە لە لێواری دابەزیندایە و لە دوایین یارییاندا بەرامبەر یانەی چوارقوڕنە لەنێو یاریگەی خۆیاندا یارییەکەیان دۆڕاند و ئەرکی یانەکەی قورسترکرد.
لەم یارییەدا بۆ پیشەسازی یارییەکی گرنگە، چونکە قەڵادزێ یارییەکی قورسی هەیە و بەهەمانشێوە دەربەندیخانیش یارییەکەی ئاسان نییە.
ریزبەندیی خولی نایابی کوردستان:
1 - هەندرێن 15 خاڵ
2 - چوارقوڕنە12 خاڵ
3 - سیروانی نوێ 11 خاڵ
4 - شێروانە 10 خاڵ
5 - رانیە 9 خاڵ
6 - رزگاری 9
7 - زاخۆ 9 خاڵ
8 - پێسمەرگەی هەولێر 9
9 - ئاکرێ 8 خاڵ
10 - قەڵادزێ 6 خاڵ
11 - پیشەسازی 5 خاڵ
12 - دەربەندیخان 3 خاڵ