فلیک بەڕووی ئەستێرەیەکیدا دەتەقێتەوە و پێیدەڵێت: تا ئێرە بەسە
رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک خەریکە ئارامی نامێنێت و چیدی بەرگەی بێباکیی لامین یامال ناگرێت، کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، راهێنەرەکە لەدوای یاریی گوادالاخارا بەڕووی یاریزانەکانیدا تەقیوەتەوە و پێیگوتووە "تا ئێرە بەسە!١ چیدی لێت قبوڵ ناکەم".
بارسێلۆنا لە قۆناخی 32ـی جامی شای ئیسپانیادا بووە میوانی یانەی گوادالاخارا و توانی بگاتە قۆناخی 16 دوای ئەوەی 2ـ0 لێیبردەوە.
ئەم یارییە کە ئێوارەی سێشەممەی رابردوودا لە یاریگەی گوادالاخارا بەڕێوەچوو، کە جگە لە ئەنجامەکە، فلیک لە هیچ شتێکی دیکەی یاریزانەکانی رازی نەبوو، بەتایبەتیش لە لامین یامال، کە پێیوایە رادەبەدەر زێدەڕۆیی دەکات لە هێشتنەوەی تۆ لای خۆی و هەوڵدان بۆ بڕینی یاریزانانی بەرامبەر لەسەر حسابی گەیاندنی تۆپ بە هاوڕێکانی.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، دوای یارییەکە فلیک بەڕووی لامین یامالدا تەقیوەتەوە و پێیگوتووە ""تا ئێرە بەسە!١ چیدی لێت قبوڵ ناکەم. تۆ دەبێت بزانیت کەی تۆ لای خۆت دەهێڵیتەوە و کەی پێویتە بدەیتە هاوڕێکانت".
هەرچەندە ئەنجامەکە لەسەر کاخەز دڵخۆشکەر بوو و باڵادەستیی بارسێلۆنا بەرامبەر رکابەرێکی ئاست مامناوەند سەلماند، بەڵام کەشی دوای یارییەکە لەنێو دەستەی هونەریدا تەواو ئارام نەبوو، چونکە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە تووڕەیی باڵی بەسەر هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیدا کێشاوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، فلیک نیگەرانی و بێزاریی خۆی لە ئاستی ئەستێرە لاوەکە لامین یامال لە کاتی یارییەکەدا نەشاردووەتەوە و پێی وابووە یاریزانەکە نەیتوانیوە کاریگەریی پێویست دروست بکات سەرەڕای لاوازیی ئاستی رکابەرەکەیان. سەرەڕای جیاوازییە هونەرییە زۆرەکانی نێوان بارسێلۆنا و گوادالاخارا، بەڵام یامال زیادەڕەویی لە بڕین و راگرتنی تۆپدا کردووە، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر خێرایی یارییەکە و رەوتی هێرشەکان هەبووە، بەبێ ئەوەی لەڕووی هێرشبەرییەوە ئەو سوودە بگەیێنێت کە لێی چاوەڕوان دەکرا.
دەرەئەنجام بارسێلۆنا ئامانجە سەرەکییەکەی پێکاوە کە گەیشتنە بە قۆناغی16ـی جامی شای ئیسپانیا، بەڵام بەکۆمەڵێک وانەی هونەریی گرنگیشەوە دەرچوو کە ئەگەری هەیە کاریگەرییان لەسەر بڕیار و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی فلیک هەبێت، بەتایبەت لەمەڕ دابەشکردنی کاتی یاریکردن و پێدانی هەل بە یاریزانان لەم وەرزە پڕ کێبڕکێ و ئاڵنگارییەدا.