مونیر حەدادی بۆ بارسا 2 دابەزێنرا


رووداو - هەولێر

دەستەی کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڕیاریدا مونیر حەدادی یاریزانی لاوی یانەکە بۆ ریزی پلە دووی یانەکە بگێڕێتەوە کە لە ژێر سەرپەرشتی ئۆزیبیۆدا مەشقدەکات.

لویس ئینریکێی راهێنەری یانەکە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە ئەو یاریزانەی بانگهێشتی ریزی یەکەمی بارسا کردبوو بەهۆی راگرتنی لویس سوارێزەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە بڕیاریدا ئەو یاریزانە بگێڕێتەوە ریزی پلە دووی یانەکە کە بە بارسێلۆنا بی ناسراوە و لە پلە دووی ئیسپانیا یاریدەکات.

دوای گەڕانەوەی سوارێز و بەرزبوونەوەی ئاستی نەیمار، ئەو راهێنەرە چیدی پشتی بە تواناکانی حەدادی نەبەست و ئەوەشی زیاتر وایکرد ئەو یاریزانە بۆ ریزی پلە دووی یانەکە بگەڕێنرێتەوە، ئەوەیە کە بارسێلۆنا بی پێویستی بە تواناکانی ئەو یاریزانە هەیە بەهۆی خراپتی ئاستی تیپەکە لە پلە دووی ئیسپانیا کە ئێستا لە پلەی هەژدەی ریزبەندی خولەکەدایە و لە دابەزینەوە نزیکە.

پێشتر میدیاکانی کەتەلۆنیا زۆر باسی تواناکانی حەدادییان دەکرد و ئەو یاریزانە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش کرا، بەڵام گەڕانەوەی بۆ ریزی پلە دووی ئیسپانیا، ئومێدی یاریکردنەوەی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەبار دەبات.