ڤیدیۆ؛ عێراق بۆ تۆڵەسەندنەوە رووبەڕووی ژاپۆن دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی هەڵبژاردەی عێراق دەیەوێت بەرامبەر بەهێزترین هەڵبژاردەی ئێستای ئاسیا بسەلمێنێت کە تیپێکی باشە و دەتوانێت لەگەڵ گەورەکانی کیشوەرەکە رکابەری لەسەر نازناوی پاڵەوان بکات.
شێرەکانی رافیدەین دەیانەوێت شێرانە رووبەڕووی تیپە ترسێنەرکەی ئاسیا ببنەوە و بە ئاستێکی بەرزەوە دووەم زەنگی مەترسی بۆ تیپە گەورەکانی پاڵەوانێتییەکە لێبدەن، بەتایبەتی کە لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر ئیندۆنیزیا ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد و بە سێ گۆڵ سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
خیسۆسی راهێنەر باش دەزانێت کە لەم یارییەدا ئەرکیان چەند قورسە، بەڵام ئەوەش دەزانێت کە ئەم یارییە گرنگترین و قورسترین تاقیکردنەوەی تیپەکەیانە لە جامی ئاسیادا، ئەگەر سەرکەوتوو بوون واتا ئەوان ئیدی متمانەی رکابەریکردن لەسەر نازناوەکەیان دەبێت، بۆیە دەبێت یاریزانانی خیسۆس لەم یارییەدا لە سەدا دوو سەدی تواناکانیان بخەنەگەڕ.
هەڵبژاردەی عێراق بە تۆڵەسەندنەوە سەیری ئەم یارییە دەکات و هەلێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هەڵبژاردەی ژاپۆن، کە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیای 2015 شکستیپێهێنا و لە پاڵەوانێتییەکەی دەرکرد، هەروەها هەڵبژاردەی سامۆرای لە جامی ئاسیا 2020ـیش زۆر بێڕەحمانە عێراقی دەرکرد و 4-1 لێیبردەوە.
بەپێی ئەم دوو ئەنجامە، هەڵبژاردەی عێراق بە دوای تۆڵەکردنەوە و بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتنی خۆی لە پاڵەوانیەتی ئاسیا لە ژاپۆن دەگەڕێت، تەنانەت هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا تەنیا یەک یاریی فەرمی بەرامبەر ژاپۆن بردووەتەوە، کە لە یارییەکانی خولی ئاسیادا بوو لە ساڵی 1982.
ژاپۆنییەکان بە سەرکردایەتی هاجیمی مۆریاسۆ، ورەبەرز و ترسێنەرن، بەڵام لە یەکەم یارییدا سەرەڕای بردنەوە، ڤێتنام زەنگێکی بەئاگاهێنانەوەی بۆ لێدان و دووجار گۆڵی لێکردن، بۆیە دەبێت واز لە خۆبەزڵزانین بێنن و بزانن کە عێراق ئاسان نییە و دەکرێت کۆمپیۆتەرەکەی رابگرێت، ئەگەرچی مێژوو لە بەرژەوەندی خۆیاندایە و ئەوان لە 12 یارییدا بەرامبەر عێراق 7 جار سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و عێراق دوو یاری بردووەتەوە، بەڵام یەکێکیان فەرمی نەبووە و سێجاریش یەکسان بوونە.
عێراقییەکان کە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکەدا قاچیان خستووەتە سەر خاکی قەتەر، یەکەم شت بیریان لێکردبێتەوە هەڵبژاردەی ژاپۆن بووە، چونکە دەزانن کە ئەو یارییە پێوەرێکی هەرە راستەقینەی ئاستییان دەبێت، لەبەرئەوە سبەی وادەی تاقیکردنەوە گەورەکەی خیسۆس و یاریزانەکانیەتی.