فەرمی.. وەڵامی جۆزێ مۆرینیۆ لەبارەی ئەگەری گەڕانەوە بۆ مەشقدانی ریال مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری بێنفیکای پۆرتوگالی، لەبارەی مشتومڕی گەڕانەوەی بۆ مەشقدانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی قسەیکرد و ئەوەی دەگوترێت، لە دراما دەچێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوی مۆرینیۆ وەک بژاردەیەکی بەهێز بۆ مەشقدانی ریال مەدرید لە وەرزی داهاتوو، بەگەرمی لە میدیاکان باسی لێوەکرا، پاشئەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە و ئەلڤارۆ ئەربێلوا بۆ مەشقدانی تیپەکە سەرخرا.
لەدوای ئەو رووداوە دراماتیکییانە و پاشئەوەی ئەربێلوا لە یەکەم یاریدا، لەسەردەستی ئەلباسێتی لە جامی شای ئیسپانیا دەرکرا، سەرچاوەکان باسیان لە بڕیاری فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید دا، بە دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی نوێ بۆ یانەکە، لە نێویاندا جۆزێ مۆرینیۆ کە پێشتر راهێنەری یانەکە بووە.
لە دوایین یاریی بێفیکادا بەرامبەر ریۆ ئاڤێ لە خولی پۆرتوگال، رۆژنامەوانان پرسیاری گەڕانەوە بۆ ریال مەدریدیان لە مۆرینیۆ کرد.
مۆرینیۆ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا داوایکرد واز لە دووبارەکردنەوەی ناوی ئەو بهێنن وەک راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید.
سپێشەڵ وەن کە پێشتر لە 2010 تاوەکو 2013 راهێنەری ریال مەدرید بوو و نازناوەکانی، لالیگا، جامی شا و سوپەری ئیسپانیای بردەوە.
مۆرینیۆ زیاتر گوتی، "ناوم مەخەنە ناو زنجیرە درامییەکانەوە، هەندێک کاری نوێ هەن لە دراماکاندا کە زۆر درێژ دەبنەوە، ئەوانە هەر ئەوەندەی زنجیرەیەک یان دووانت نەبینی، ئیدی حەوسەڵەی ئەوەت نابێت بگەڕێیتەوە بۆی، من وەک بەشێک لەو درامایانە تەماشا مەکەن، چونکە نایەمە نێو ئەو مشتومڕەوە".
تاوەکو ئێستا ئاراستەی بیرکردنەوەی کارگێڕیی ریال مەدرید لەبارەی داهاتووی تیپەکە دیار نییە، بەڵام لە دوایین یاریی تیپەکەدا بەرامبەر لیڤانتی، ریال مەدرید بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنا، بەڵام هاندەرانی یانەکە بەدرێژایی یارییەکە، فیکەی ناڕەزاییان بۆ یاریزانانی یانەکە لێدا و داوای رۆیشتنی سەرۆکی ریال مەدریدیان کرد.