ئێمباپێ، ئەربێلوا رەتدەکاتەوە و داوای راهێنەرێکی دیکە لە پێرێز دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان بڕوای بەتواناکانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا نییە بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپێکی وەک ریال مەدرید و داوا لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە دەکات هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی بەپەلە گرێبەست لەگەڵ زینەدین زیدانی راهێنەری فەرەنسی بکات، کە پێشتریش دووجار سەرپەرشتی مەشقەکانی نێرینگێی کردووە.
 
کیلیان ئێمباپێ، کوڕە زێڕینەکەی پاریس کە ئێستا لە مەدرید بەدوای خەونەکانیدا دەگەڕێت، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی دوای دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ،  تامی تاڵاوی بێهیوایی چیشت. ئێمباپێ پێیوابوو ئەو کەشوهەوایەی لە دەوری تیپەکە بوو، لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوو، بەڵام هەمیشە وەک وەفایەک، ستایشی ئەو متمانە گەورەیەی ئەلۆنسۆی دەکرد کە لە یەکەم رۆژەوە پێی بەخشیبوو.
 
بۆچی ئێمباپێ لە ئاربێلۆ و کڵۆپ دەترسێت؟
 
رۆژنامەی لو پاریزیانی فەرەنسی پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئێمباپێ پێیوایە فلۆرێنتینۆ پێرێز پشوودرێژ نەبوو لەگەڵ ئەلۆنسۆ و پشتگیرییەکی تەواوی نەکرد، هەر بۆیە ئێستا بەگومانەوە سەیری داهاتووی مێرینگی دەکات لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئەربێلوادا.
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێبە هاوڕێکانی گوتووە ئایا ئەربێلوای تەمەن 42 ساڵ، بەرگەی ئەو گوشارە بێمانایەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەگرێت؟ ئەو پێگوتوون کە ریال مەدرید راهێنەرێکی دەوێت خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە ئەزموون بێت.
 
سەیرەکە لەوەدایە، ئێمباپێ تەنانەت رازی نییە یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانیش ببێتە راهێنەری! چونکە پێیوایە کڵۆپ لە ساڵانی دواییدا لە لیڤەرپوول هێزە جادووییەکەی جارانی نەمابوو و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یاریزانەکان گرژی تێکەوتبوو. جگە لەوەی کیلیان 'بەربەستی زمان' بە کێشەیەکی گەورە دەبینێت کە ناهێڵێت کڵۆپ پەیامەکانی بگەیەنێتە ئەستێرەکانی ژووری جلگۆڕین.
 
زیزۆ.. تاکە دەرمانی دەردەکەی مەدرید!
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئێمباپێ تەنیا یەک ناو لە مێشکیدایە، ئەویش 'زینەدین زیدان'ـە. ئێمباپێ، زیزۆ بە فریادڕەس دەبینێت. ئەو دەزانێت زیدان پیاوی کاتە سەختەکانە، وەک چۆن لە 2015 و 2019 لە ناوەڕاستی وەرزدا هات و کەشتییەکەی رزگارکرد.
 
بۆ ئێمباپێ، گەڕانەوەی زیدان (تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت تاوەکو کۆتایی وەرز)، تەنیا بژاردەیە کە گەرەنتی گەڕانەوەی شکۆ و نازناوەکان دەکات بۆ مۆزەخانەی شاهانەکان. کە بەپێی سەرچاوەیە کیلیان بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی گوتووە زیدان بگەڕێنێتەوە و پێگوتووە "زیدان تاکە چارەسەرە".
 
پرسیار ئەوەیە ئایا پێرێز گوێ لە داواکاریی کەڵەشێرە فەرەنسییەکە دەگرێت، یان مەدرید بەرەو سەرکێشییەکی نادیار دەڕوات؟ ئایا زیدانیش ئامادەیە بۆ تەنیا چەند مانگێک ئەو ئەرکە وەربگرێت؟ لەکاتێکدا بەگوێرەی مدییاکانی فەرەنسا، زیزۆ لەدوای مۆندیالی 2026 دەبێتە رراهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا.