کاریک هیوا بە هاندەرانی مانچێستەر یونایتد دەبەخشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
مانچێستەر یونایتد لەژێر سەرپەرشتی مایکڵ کاریک وەک راهێنەری کاتی، سەرکەوتنێکی گەورەی لە دێربیی مانچێستەر بەدەستهێنا و بە 2-0 شکستی بە مانچێستەر سیتی هێنا. ئەم سەرکەوتنە هیوای بۆ ئۆڵدترافۆرد گەڕاندەوە، بەڵام مێژووی دوایین دە ساڵی یانەکە هۆشداریی دەداتە هاندەران کە زۆر بەم ئەنجامە هەڵنەخەڵەتێن، چونکە پێشتریش چەندین جار یانەکە دوای سەرکەوتنی گەورە تووشی پاشەکشە بووەتەوە.
لە یارییەکەدا هەموو شتێک لە ناو ئۆڵدترافۆرد جیاوازبوو. کەشوهەوایەکی پڕ لە ئاڵنگاری باڵی بەسەر یاریزانان و هاندەرانی مانچێستەر یونایتددا کێشا. دوای فیکەی کۆتایی، شادییەکی بێوێنە ناو یاریگەی گرتەوە؛ ئەو یاریزانانەی پێشتر لەژێر گوشاری درێسی یانەکەدا ماندوو بوون، زۆر بە دڵخۆشییەوە دەرکەوتن. سێر ئەلێکس فێرگسۆنیش لە شوێنی تایبەتی خۆیەوە بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە رەزامەندییەوە سەیری مایکڵ کاریکی دەکرد و زۆر دڵخۆشبوو بەم سەرکەوتنە مەزنەی سوورپۆشەکان بەسەر تیپە زەبەلاحەکەی پێپ گواردیۆلا.
کاریک کە دوای دوورخستنەوەی روبێن ئامۆریم ئەرکی راهێنانی تیپەکەی تاوەکو کۆتایی وەرز گرتووەتە ئەستۆ، چەمکی رێچکەی مانچێستەر یونایتد جارێکی دیکە لە نێو یاریگەدا بینرا؛ تیپێک دەبینرا کە بۆ هەر تۆپێک شەڕی دەکرد و بەخێراییەکی زۆر هێرشی دەبرد، بە جۆرێک سیتی بەبەخت بوو تەنیا بە 2-0 دۆڕا.
کاریک کە بە پیاوێکی هێمن ناسراوە، ئەم سەرکەوتنەی بە "سەرەتایەکی خەونئامێز" ناوبرد. ئەو چەند سەرکێشییەکی ئەنجامدا، وەک گەڕاندنەوەی هاری مەگوایەر بۆ دڵی بەرگری دوای دوو مانگ لە پێکان، هەروەها گەڕاندنەوەی کۆبی ماینۆ بۆ ناوەڕاست. سیستمەکەی کاریک کە 4-2-3-1 بوو، ئازادییەکی زۆری بە برۆنۆ فێرناندێز بەخشی بۆ دروستکردنی هەل. گواردیۆلا دوای یارییەکە دانی بەوەدانا کە یونایتد بەشێوازێک یاریی کرد کە ئێمە ئەو شتەمان نییە.
لیساندرۆ مارتینێز، بەرگریکاری ئەرجەنتینی رایگەیاند کە کاریک داوای لێکردوون وزەی هاندەران بەکاربهێنن و گوتوویەتی "کاتێک پێکەوەین، مەحاڵە لە ماڵەوە بدۆڕێین".
ئەم دیمەنانە جارێکی دیکە قسە کۆنەکەی ریۆ فێردیناند دەهێنێتەوە بیر کە گوتی "گرێبەستەکەی بدەنێ و لێگەڕێن واژۆی بکات، کاریک لەپشت سوکانەکەیە". بەڵام پێویستە وریای ئەو پەرۆشییە بین؛ حەوت ساڵ لەمەوبەر ئۆلێ گونار سۆلشایەر دوای بردنەوەی لە پاریس سانجێرمان هەمان هەستی دروستکرد، بەڵام دواتر دۆخەکە وەک پێویست نەبوو. ئۆڵدترافۆرد لە دوای رۆیشتنی فێرگسۆنەوە چەندین کارەسات و 'بەرەبەیانی درۆینە'ی بینیوە. لویس ڤان خال، مۆرینیۆ و ئێریک تێن هاگیش بردنەوەی گەورەیان بەرامبەر سیتی و لیڤەرپوول هەبوو، بەڵام نەیانتوانی بەردەوام بن.
پێدەچێت کێشەی یونایتد لەم ساڵانەدا تەنیا راهێنەر نەبووبێت، بەڵکو ونکردنی ناسنامەی یانەکە بووە لەژێر خاوەندارێتی ماڵباتی گڵایزەر. بردنەوەی شەممە مانچێستەر یونایتد لەم یارییە تەنیا سێ خاڵ نەبوو، بەڵکو گەڕاندنەوەی شکۆی تیپەکە بوو. کاریک توانی لە سێ رۆژدا ئاستێک پێشکێش بکات کە لەدوای یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا لە ساڵی 2024ـەوە نەبینرابوو.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەگەر کاریک تاوەکو مانگی 05ـی 2025 بەردەوام بێت لەم ئەنجامانە، ئایا یانەکە دووبارە دەچێتەوە سەر هەمان هەڵەی سەردەمی سۆلشایەر و گرێبەستی درێژخایەنی پێدەدات؟ یان دەچنە دوای ناوی گەورەی وەک کارلۆ ئەنچێلۆتی و تۆماس توخێل؟ هەرچۆنێک بێت، یونایتد لەم یارییەدا نیشانی دا کە رزگاری بووە لە کۆت و بەندی تاکتیکی ئەمۆریم و جارێکی دیکە وەک مانچێستەر یونایتدی راستی دەرکەوتەوە.