خانمێک هۆکاری دابەزینی ئاستی راشفۆردە

رووداو دیجیتاڵ

مارکوس راشفۆرد، هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، وەرزێکی کارەساتبار لەگەڵ تیپەکەی بەسەردەبات، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە میدیاکان بەدوای هۆکاری راستەقینەی پشت ئەم بابەتەدا بگەڕێن.
 
راشفۆرد لەم وەرزەدا لە 23 یاریی پرێمەرلیگدا تەنیا 5 گۆڵی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە دەرەوەی یاریگەشدا تووشی چەندین قەیران و کێشەی کەسی بووە.
 
رۆژنامەی میرەری بەریتانی، لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دابەزینی ئاستی راشفۆرد لەم وەرزەدا بەهۆی ئەو درامایە بێت کە لە ژیانی تایبەتی راشفۆرددا روودەدات.
 
دوایین هۆکاری سەرەکی پشت ئەم دابەزینی ئاستە ئەوەیە کە راشفۆرد لەم دواییانەدا کاریگەری پەیوەندییە سۆزدارییەکانی لەسەربووە دوای جیابوونەوەی لە خۆشەویستە پێشووەکەی کە ناوی لوسیا لۆیە.
 
مارکۆس راشفۆرد، لە مانگی ئایاری 2022 بەفەرمی ئەڵقەی دەستگیرانی لەگەڵ خۆشەویستەکەی لوسیا لۆو گۆڕییەوە، دوای چەندین ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی، کە لە قوتابخانە پێکەوە بوون و لەوێ دەستیپێکرد، جارێک جیابوونەو و ئینجا گەڕانەوە لای یەکدی، دواتر جارێکی دیکە لە هاوینی 2023 جیابوونەوە.
 
بەڵام لە نێوان گەڕانەوە و جیابوونەوەدا، ناوی هێرشبەرەکەی مانچێستەر یونایتد پەیوەست بوو بە چیرۆکێکی خۆشەویستی نوێ لەگەڵ کچێکی فەرەنسی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە.
 
ئەم رووداوانە کاریگەری زۆریان لەسەر راشفۆرد هەبوو لەم وەرزەدا، کە بە یەکێک لە خراپترین وەرزەکانی لە ئۆڵدترافۆرد دادەنرێت، کە تاوەکو ئێستا تەنیا 5 گۆڵی کردووە.
 
ئەمە خراپترین ئاماری راشفۆردە، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو باشترین بوو بۆ یاریزانەکە،  بەو پێیەی لە 56 یارییدا 30 گۆڵی هەبوو.
 
راشفۆرد لەم دواییانەدا زیاتر لە ئێوارەیەک و گەشتێک بەشداری کردووە، دوایینیان لە ئێرلەندا بووە، لەوێ تۆمەتبارکراوە بەوەی لەگەڵ ژنێکی فەرەنسیدا دەمەقاڵە دروست بووە، دەگوترێت خۆشەویستە نەناسراوەکەیەتی، تەنانەت قەیرانەکە گەیشتە ئاستێک کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاوڕێکانی و ستافی راهێنەرایەتی بە سەرۆکایەتی ئێریک تێن هاگی هۆڵەندی هەبوو.
 
راپۆرتی رۆژنامەی میرەر پشتڕاستی دەکاتەوە کە جیابوونەوەی هاوڕێی منداڵیی راشفۆرد کاریگەری کارەساتباری لەسەر ئەو یاریزانە هەبووە، کە نەک تەنیا لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانیدا بەڵکو لە ژیانیدا بەگشتی دەستیکردووە بە کەمتەرخەمی و بێباکی، ئەمەش وەک یاریزانێکی تۆپی پێی پیشەگەر کاریگەری لەسەر دروستکردووە.
 
ئەم گۆڕانکارییە کە لە چەند مانگی رابردوودا لە کەسایەتی راشفۆرد روویدا، ئەو پیاوەت گۆڕی بۆ کەسێکی دیکەی جیاواز لەو یاریزانە پیشەگەرەی بەنێوبانگ بوو بە کارە خێرخوازیئەکانی و بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی لە ساڵانی رابردوودا.
 
دارێن لویس، سەرنووسەری رۆژنامەی میرەر، سەبارەت بە دۆخی راشفۆرد، دەڵێت  "جیابوونەوەی راشفۆرد لە دەسگیرانەکەی لە سەردەمی منداڵیدا، لوسیا لۆی، هاوکات بوو لەگەڵ ناکۆکییەکانی لەگەڵ براکانی داین و دوین، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی راشفۆرد".
 
لەم دواییانەدا راشفۆرد تۆمەتبارکرا بە ماچکردنی کچێک لە یانەیەکی شەوانە لە بێلفاستی پایتەختی ئێرلەندای باکوور، لە ئاهەنگێکدا کە تاوەکو کاژێرەکانی سەرەتای بەیانی درێژبووەوە.