لێدوانی فەرمی ئەربێلوا لەبارەی ڤینیسیۆسەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید پاڵپشتیی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکات و دەڵێت "ئەو هەر بڕیارێکی لە یارییەکەدا دابووایە، ئێمە لەگەڵی دەبووین و نابێت لە 2026 رێگە بدەین ئەمە رووبدات."
دوای رووداوەکانی یاریی بێنفیکا و ریال مەدرید، ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا بەدرێژی لەو بارەیەوە قسەیکرد و گوتی "پێویستە لە یاریزانەکەی بێنفیکا بپرسن چی بە ڤینیسیۆس گوتووە، پێموایە هەمووان لێرە، هەموو کەسێک لە جیهانی تۆپی پێدا، شایەنی ئەوەن وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرنەوە، ئەوە تەنیا شتێکە کە دەتوانم بیڵێم، پێموایە روونە دەبێت لێبوردەیی بەرامبەر رەگەزپەرستی لای ئێمە سفر بێت و نابێت رێگە بدەین لە 2026 لە یاریگەکانی تۆپی پێدا ئەوە رووبدات."
راهێنەری ریال مەدرید بە رۆژنامەڤانانی گوت "ناوبژیوان پێیگوتم کە هیچ شتێکی نەبیستووە و ناتوانێت لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا هیچ بکات، ئێمە ئەوەمان دەکرد کە ڤینیسیۆس بڕیاری لەسەر دەدا، بێگومان وەکو گوتم، ئێمە لە پاڵ ئەوین، ناتوانین بەرگەی ئەم جۆرە رەفتارانە بگرین یان رێگە بدەین ئەوە لە یاریگەی تۆپی پێدا رووبدات، بێگومان پشتگیریی ڤینیسیۆس دەکەین و هەر بڕیارێکی بدایە، ئێمە لەگەڵی دەبووین."
لەبارەی ئەوەی نەدەکرا ڤینیسیۆس بەشێوەیەکی دیکە ئاهەنگ بگێرێ؟ ئەربێلوا لە وەڵامدا گوتی "راستییەکەی ئەوەیە کە من ئاهەنگگێڕانەکەی ڤینیسیۆسم نەبینیوە. بەڵێ، گۆڵە سەرنجڕاکێشەکەم بینی. بێگومان، پێم وایە کاتێک جۆزێ مۆرینیۆ بزانێت یاریزانەکەی چی گوتووە، ئەو یەکەم کەس دەبێت کە رێگری لەوە بکات. ئێمەش، وەک پێشتر گوتم، هیچ لێبوردەییەکمان بۆ ئەمە نییە و زۆر زۆر دڵخۆشین بەو یارییەی تیپەکە ئەنجامی دا. پێموایە یارییەکی زۆر تۆکمە بوو و هەموو یاریزانەکان ئاستێکی زۆر بەرزیان نیشان دا، ئەمە ئەو ریال مەدریدەیە کە دەمانەوێت بیبینین."
لە یارییەکەدا دوای تۆمارکردنی گۆڵ، ڤینیسیۆس جونیۆر چووە بەردەم هاندەرانی یانەی بێنفیکا و ئاهەنگی گێڕا، دوای ئەوە هاندەران شتیان هەڵدا بۆ یاریزانەکە و جیانلوکا پریستیانی، یاریزانی ئەرجەنتینی بێنفیکاش درێسەکەی بەدەمییەوە نا و قسەی بە ڤینی گوت، بەمەش یارییەکە چەند خولەکێک راگیرا و ڤینیسیۆس بە ناوبژیوانی گوت کە رەگەزپەرستیی لە دژی بەکارهاتووە، ئەمە کاردانەوەیەکی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد.