هەموو وردەکارییەکانی شەڕەکەی پرێستیانی و ڤینیسیۆس
رووداو دیجیتاڵ
لە رووبەڕووبوونەوەی بێنفیکا و ریال مەدرید، لە یاریی چوونی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگدا ئاژاوە و کێشە دروست بوو، دوای ئەوەی ڤینیسیۆس بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانی بۆ گۆڵەکەی لەبەردەم هاندەرانی بێنفیکادا رووبەڕووی رەخنەی یاریزانانی یانەی خاوەن ماڵ بووە و جیانلوکا پرێستیانی، یاریزانی ئەرجەنتینی دەمی بە درێسەکەی دەمی داپۆشیو قسەیەکی بە ڤینی گوت. ئەویش رایکردە لای ناوبژیوان و پێگوت "ئەو یاریزانە پێمدەڵێت مەیموون". ئیدی یارییەکە بۆ ماوەیەک راگیرا.
بەتەواوی چی روویداوە؟
پیرێستیانی، یاریزانی بێنفیکا دەمی داپۆشی و پێدەچوو وشەی رەگەزپەرستانەی دژی ڤینیسیۆس بەکارهێنابێت.
- ڤینیسیۆس (لەڕێگەی جوڵەی لێوەکانی) بە ناوبژیوانەکەی راگەیاند کە گوێی لە پیرێستانتی بووە پێیدەڵێت "تۆ مەیمونی، ئەی مەیمون".
- ناوبژیوان داوای لە تەکنەلۆژیای VAR کرد پێداچوونەوە بە جوڵەی لێوی یاریزانەکە بکات بۆ دڵنیابوونەوە، VAR وەڵامی دایەوە کە ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە، چونکە یاریزانەکە دەمی داپۆشیوە.
- بۆیە ناوبژیوان ناچاربوو بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئاگاداری زارەکی بەیاریزانەکە بدات.
سزای چاوەڕوانکراو چییە؟
ئەگەر بەڵگە هەبووایە، سزا چاوەڕوانکراوەکان بەگوێرەی رێنماییەکانی یاساکانی یوفا ئەمانە دەبوون:
• یاریزانەکە سزا دەدرێت بە:
◦ راگرتن بۆ لانی کەم 10 یاری.
• لەگەڵ سزای دارایی
🔸 یانەکەش دەکرێت سزا بدرێت:-
◦ یاریکردن بەبێ هاندەر.
◦ کەمکردنەوەی خاڵ.
بەگوێرەی میدیاکان، دوای یارییەکە لە رێڕەوی ژووری جلگۆڕین شەڕ روویداوە و یاریزانانی بێنفیکا هەوڵیانداوە هەڵکوتنە سەر ژووری یاریزانانی ریال مەدرید.
لێدوانی فەرمی ڤینیسیۆس
دوای یارییەکە کە 1-0 لە بەرژەوەندی ریال مەدرید کۆتاییهات، ڤینیسیۆس پەیامێکی بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیە بوو:
رەگەزپەرستەکان، لەسەرووی هەموو شتێکەوە، ترسنۆکن. ئەوان دەستیان دەخەنە سەر دەمیان بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە چەندە لاوازن، بەڵام ئەوان لەلایەن ئەو کەسانەوە دەپارێزرێن، کە لەڕووی تیۆرییەوە دەبێت سزایان بدەن.
ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە ژیانی من و تیپەکەمدا نوێ نییە. کارتی زەردم وەرگرت بەهۆی ئاهەنگگێڕانی گۆڵێک. من هێشتا تێناگەم بۆچی؟!
لەلایەکی دیکەو، ئەوە تەنیا جێبەجێکردنی هەڵەی رێوشوێنەکان بوو و هیچ سوودێکی نەبوو.
حەزناکەم لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا دەربکەوم، بەتایبەتی دوای بردنەوەیەکی گەورە و لە کاتێکدا کە هەواڵەکانی ریال مەدرید دەبێت ببنە سەردێڕی هەواڵەکان، بەڵام ئەوە پێویستە.
پەیامی جیانلوکا پرێستیانی
جیانلوکا پرێستیانی کە لەلایەن ڤینیسیۆس و یاریزانانی ریال مەدریدەوە بەڕەگەزپەرستی تۆماتبارکراوە، لەبارەی ئەوەی بەرامبەر ڤینیسیۆس روویدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە بەمشێوەیە بوو:
دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە کە لە هیچ ساتێکدا هیچ سووکایەتییەکی رەگەزپەرستانەم بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر نەکردووە.
ئەو بەداخەوە لەوەی کە پێی وابووە بیستوویەتی هەڵە تێگەیشتووە، من هەرگیز بەرامبەر هیچ کەسێک رەگەزپەرست نەبووم.
نیگەرانی خۆم دەردەبڕم سەبارەت بەو هەڕەشانەی کە لەلایەن یاریزانانی ریال مەدریدەوە ئاراستەم کراون.
ئێمباپێ تەقاندییەوە
کیلیان ئیمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی ریال مەدریدیش بێدەنگ نەبوو، لەسەر ڤینیسیۆسی هاوڕێی هاتەدەنگ و رایگەیاند:
- ئەو پێنج جار ڤینیسیۆسی بە 'مەیمونە'کە بانگ کرد. من خۆم گوێم لێبوو. باشترین کامێراتان هەیە. هیچ شتێک روونادات بەبێ ئەوەی ریکۆرد بکرێت.
- چوومە لای ڤینی و پرسیارم لێکرد کە چی لە ئێمە دەوێت؟ ئێمەش ئەوەمان کرد کە ئەو بڕیاری دابوو. ئێمە هەرگیز ڤینی بەتەنیا جێناهێڵین و لەگەڵی دەمێنینەوە.
- ئێمە وەک تیپ بڕیارماندا یاریگەکە جێبهێڵین. ئەوە بڕیاری بەکۆمەڵی ئێمە بوو.
- بەڕای من، ئەو یاریزانە شایەنی ئەوە نییە جارێکی دیکە لە چامپیۆنزلیگ یاری بکاتەوە!
- ئاساییە هاندەرانی بێنفیکا فیکە لێبدەن، چونکە نەیانبیستووە چی روویداوە!
کاردانەوەکان
ئەو رووداوە هەرزوو لەسەر ئاستی هەموو جیهان کاردانەوەی هەبوو، زۆر لە ئەستێرە و کەسایەتییە وەرزشییەکان لێدوان و کۆمێنتیان لەو بارەیەوە هەبوو:
وێسلی شنایدەر، ئەستێرەی پیێشووی ریال مەدرید:
ئۆتامێندی تاتۆیەکی سەر جەستەی پێشانی ڤینیسیۆس داوە و پێیگوتووە: لەوەتەی یاری بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل دەکەی، من مۆندیال، فینالیسیما و کۆپا ئەمریکام بردووەتەوە، تۆ هیچ شتت بۆ بەرازیل نەبردووەتەوە.
هەڵسوکەوتی ئۆتامێندی زۆر منداڵانە بوو. ئایا ئەو لەڕووی دەروونییەوە باشە؟ تیپەکەی 1-0 دۆڕا. ئەگەر ڤینیسیۆس بوومایە پێمدەگوت: مێسی مۆندیالی بۆ تۆ بردەوە، تۆ هیچ رۆڵێکت لەو کارەدا نەبوو.
بۆچی ئەو کارە لەگەڵ یاریزانێکی ریال مەدرید دەکات؟ ئایا ئەو هەستی بەوە کردووە کە ڤینیسیۆس چەند نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە؟.
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیکا:
ئەلڤارۆ ئەربێلوا بۆچوونێکی جیاوازی هەڵبژارد، کیلیانش هەمان شتی کرد. من نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتانە. تەنیا دەمەوێت بڵێم کە ئەمە لە زۆر لە یاریگاکاندا روودەدات. هەمیشە هەمان شتە. کەواتە لێرە شتێکی هەڵەیە. لە ناو یاریگەدا بە ڤینیسیۆسم گوت: تۆ گۆڵێکی ناوازەت تۆمارکرد، بۆچی بەم شێوەیە ئاهەنگ دەگێڕیت؟!. بۆچی وەک ئەلفریدۆ دی ستیفانۆ، پێلێ و ئۆزیبیۆ ئاهەنگ ناگێڕیت؟ بەخۆشیی ئەوە ئاهەنگ بۆ گۆڵەکە بگێڕە کە یاریزانێکی ناوازەیت. هەمیشە هەمان شت دووبارە دەبێتەوە. لێی تێناگەم.
ئیدی بەسە باسی ڤینیسیۆس بکەین. سەبارەت بەو، تەنیا دەمەوێت بڵێم کە لەخولەکی 50ـی یارییەکەدا گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد. سەبارەت بە کارتە سوورەکەی منیش، هۆکارەکەی ئەوەبوو کە شتێکی زۆر روونم گوت. ئەوان دەزانن من راستیم گوتووە. راستییەکە ئەوەیە کە من نزیکەی 1300 یاریم وەک راهێنەر ئەنجامداوە، کە زۆریان لە پاڵەوانێتییەکانی ئەورووپادا بوون. من دەمزانی کە ئەو ناوبژیوانە دەیزانی کە چوامینی، دین هاوسن و ئالڤارۆ کارێراس نابێت کارتی زەرد وەربگرن. من ئەوەم دەزانی.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
پێویستە لە یاریزانەکەی بێنفیکا بپرسن چی بە ڤینیسیۆس گوتووە، پێموایە هەمووان لێرە، هەموو کەسێک لە جیهانی تۆپی پێدا، شایەنی ئەوەن وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرنەوە، ئەوە تەنیا شتێکە کە دەتوانم بیڵێم، پێموایە روونە دەبێت لێبوردەیی بەرامبەر رەگەزپەرستی لای ئێمە سفر بێت و نابێت رێگە بدەین لە 2026 لە یاریگەکانی تۆپی پێدا ئەوە رووبدات.
ناوبژیوان پێیگوتم کە هیچ شتێکی نەبیستووە و ناتوانێت لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا هیچ بکات، ئێمە ئەوەمان دەکرد کە ڤینیسیۆس بڕیاری لەسەر دەدا، بێگومان وەکو گوتم، ئێمە لە پاڵ ئەوین، ناتوانین بەرگەی ئەم جۆرە رەفتارانە بگرین یان رێگە بدەین ئەوە لە یاریگەی تۆپی پێدا رووبدات، بێگومان پشتگیریی ڤینیسیۆس دەکەین و هەر بڕیارێکی بدایە، ئێمە لەگەڵی دەبووین.
راستییەکەی ئەوەیە کە من ئاهەنگگێڕانەکەی ڤینیسیۆسم نەبینیوە. بەڵێ، گۆڵە سەرنجڕاکێشەکەم بینی. بێگومان، پێم وایە کاتێک جۆزێ مۆرینیۆ بزانێت یاریزانەکەی چی گوتووە، ئەو یەکەم کەس دەبێت کە رێگری لەوە بکات. ئێمەش، وەک پێشتر گوتم، هیچ لێبوردەییەکمان بۆ ئەمە نییە و زۆر زۆر دڵخۆشین بەو یارییەی تیپەکە ئەنجامی دا. پێموایە یارییەکی زۆر تۆکمە بوو و هەموو یاریزانەکان ئاستێکی زۆر بەرزیان نیشان دا، ئەمە ئەو ریال مەدریدەیە کە دەمانەوێت بیبینین."