زاخۆ مێژووی نوسییەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو
رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ بردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر ئاستی دەرەوە تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بە ئەنجامی 3 - 2 لە یانەی سترەی بەحرەینی بردەوە و بە فەرمی گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
یارییەکە لە نێو کەشێکی وەرزشیی ناوازە لە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ بەڕێوەچوو، هاندەرانی زاخۆ بەتەواوی کورسییەکانی یاریگەیان پڕکردبووەوە. نوێنەرەکەی کوردستان لە دەستپێکی یارییەکەوە بە شێوازی هێرشبەری یاریی کرد، لە خولەکی 29 ئاسۆ رۆستەم بە ئاسیستێکی نایابی شێرکۆ کەریم توانی بە لێدانێکی سەری جوان گۆڵی پێشکەوتن تۆماربکات. لە گێمی دووەم و لە خولەکی 53، ئەمجەد عەتوان گۆڵپارێزی تێپەڕاند و گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
یانەی سترەی بەحرەینی لە خولەکی 60 لە رێگەی یاریزان برونۆ بیزیرا جیاوازییەکەی کەمکردەوە، بەڵام یاریزانانی زاخۆ کۆڵیان نەدا و لە خولەکی 9+90 ئەمجەد عەتوان لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی سێیەمی خۆی و یانەکەی نوسییەوە بەڵام لەدوا خولەکی کاتی زیادکراو ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ یانەی سترە هەژمارکرد و یاریزان عەبدولواسی مەتەری گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و یارییەکە 3 بە 2 لە بەرژەوەندی زاخۆییەکان کۆتاییهات
ئەم ئەنجامە دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکی یانەی زاخۆ بوو لەژێر سەرپەرشتی ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەری نوێی یانەکە، تەنیا خاڵی نەرێنی یارییەکە پێکانەکەی شێرکۆ کەریم بوو، کە لە خولەکی 40ـی نیوەی یەکەم بە ناچاری یاریگەی جێهێشت.
دوای ئەم سەرکەوتنە، یانەی زاخۆ لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو رووبەڕووی یانەی شەبابی سعودی دەبێتەوە.