کچە یاریزانەکانی ئێران، لە ئوسترالیا دەستیان بەیاریی کردەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوو کچە یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، پەیوەندییان بە مەشقەکانی یانەی برێسبانی ئوسترالییەوە کرد، پاشئەوەی مافی مانەوەیان لەو وڵاتە بەدەستهێنا.
 
دوو خانمە یاریزانەکە، بۆ یەکەمجار لە مەشقەکانی یانە پیشەگەرەکەدا دەرکەوتن و سۆشیال میدیای یانەکە، بەبایەخەوە بەشداریی ئەوانی لە مەشقەکاندا بڵاوکردەوە.
 
هەریەکە لە فاتیمە پاسندە و عاتیفە رەمەزانی، بەدڵخۆشییەوە لە مەشقەکانی برێسباندا دەرکەوتن و لە پاڵ یاریزانانی تیپەکەدا مەشقیانکرد. یانەکە وێنەی ئەوانی لە کاتی مەشقەکاندا بڵاوکردەوە.
 
دەرکەوتنی ئەو دوو کچە یاریزانە لە کاتێکدایە کە ئەندامانی دیکەی شاندی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی ئێران، بەرەو مالیزیا بەڕێکەوتن و دواتر گەیشتنە عومان، بەرلەوەی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
 
چیرۆکی کچە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئێران ئەوکات سەریهەڵدا، کە ئەوان سروودی نیشتمانیی وڵاتەکەیان لە یەکەم یارییان، لە جامی ئاسیا بەرامبەر کۆریای باشوور نەگوتەوە و ئەوەش وایکرد، بەرپرسانی وڵاتەکە هەڕەشەیان لێبکەن، بەرلەوەی سەرۆکی ئەمریکا داوا لە حکومەتی ئوسترالیا بکات، مافی مانەوە بەو یاریزانانە بدات.
 
دواتر حکومەتی ئوسترالیا، مافی مانەوەی بە حەوت كچە یاریزانی هەڵبژاردەکە بەخشی، بەڵام پێنج لەوان لە مانەوە لە ئوسترالیا پاشگەزبوونەوە و تەنیا دووانیان، سووربوون لەسەر مانەوە لە ئوسترالیا.
 
یانەی برێسبان روار کە لە خولی پلە یەکی ئافرەتانی ئوسترالیا یارییدەکات، پەیامێکی بەخێرهاتنی بۆ یاریزانە ئێرانییەکان بڵاوکردەوە.
 
کاز پاتاڤتا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانە ئوسترالییەکە بۆ ئەو دوو کچە یاریزانەی ئێرانی نووسی، ئێمە پابەندین بە رەخساندنی ژینگەیەکی پشتگیریکارانە بۆیان لە قۆناخی داهاتوودا.
 
لە وەڵامدا ئەو دوو یاریزانە نووسیوویانە، سوپاس بۆ هەموو شتێک.
 
ئەگەرچی پرسیاری زۆر ئاراستەی یانەکە کراوە، لەبارەی سرووشتی پەیوەندیکردنی ئەو دوو یاریزانە بەیانەکەوە، بەڵام برێسبان سەرجەم پرسیارەکانی ئاراستەی وەزارەتی نێوخۆی ئوسترالیا کردووە.
 
یانەکە پێشتر، لە بڵاوکراوەیەکدا دەستپێشخەریی ئەوەی بۆ ئەو دوو یاریزانە کردبوو کە یانەکە ئامادەیە، "شوێنی مەشقکردن و یارییکردنیان بۆ دابین بکات، تاوەکو هەست بە پابەندیی بە وڵاتەکەوە بکەن".
 
ئەگەرچی ئەو دوو کچە یاریزانە تاوەکو ئێستا، هیچ لێدوانێکیان نەداوە لەبارەی دۆخیانەوە لە ئوسترالیا، بەڵام فاتمە پاسندە، لە ئینستاگرامی خۆی وێنەیەکەی لەگەڵ بەرپرسی بەشی تۆپی پێی ئافرەتان لە فیفا بڵاوکردەوە و نووسی، هەموو شتێک باش دەبێت.