بارسێلۆنا گەیشتنی بۆ قۆناخی هەشت مسۆگەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا بلیتی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەدەستهێنا، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر نیوکاسڵ بە ئەنجامی 7-2 تۆمارکرد، لەو یارییەی کە ئێوارەی چوارشەممە لە یاریگای 'کامپ نو' لە چوارچێوەی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـدا بەڕێوەچوو.
یارییەکە بەگەرمی دەستی پێکرد، بارسێلۆنا لە خولەکی 6ـدا لە رێگەی رافینیاوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، کە تۆپێکی لە فێرمین لۆپێزەوە پێگەیشت و راستەوخۆ ئاراستەی گۆڵی کرد.
نیوکاسڵ لە خولەکی 15ـدا لە رێگەی 'ئیلانگا'وە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، دوای ئەوەی پاسێکی کورتی لە لویس هاڵەوە پێگەیشت و بە تەنیا لەبەردەم گۆڵپارێز گارسیا مایەوە و گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد.
خۆشیی یەکسانبوونەوەکە زۆری نەخایاند، لە خولەکی 18ـدا مارک بێرناڵ گۆڵی دووەمی بارسێلۆنای تۆمارکرد.
جارێکی دیکە ئیلانگا گەڕایەوە و لە خولەکی 28ـدا گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ نیوکاسڵ کرد، ئەوەش بەهۆی هەڵەیەکی بەرگریی یاریزانانی بارساوە.
کەمێک پێش کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەم، رافینیا سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی لێدانی سزا، لامین یامال ئەرکی جێبەجێکردنی گرتە ئەستۆ و گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، بەمەش نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی بارسێلۆنا 3-2 کۆتایی هات.
بارسێلۆنا نیوەی دووەمی بە تۆکمەیی دەست پێکرد و گۆڵی چوارەمی لە رێگەی فێرمین لۆپێزەوە تۆمارکرد، دوای ئەوەی پاسێکی لە رافینیاوە پێگەیشت و بە تەنیا مایەوە و لە ناوچەی سزاوە تۆپەکەی هاویشتە نێو گۆڵ.
لە خولەکی 57ـدا گۆڵی پێنجەمی بارسێلۆنا لە رێگەی لیڤاندۆڤسکییەوە تۆمارکرا، دوای ئەوەی رافینیا لێدانێکی کۆڕنەری جێبەجێ کرد و لیڤاندۆڤسکی بە سەر گۆڵەکەی تۆمارکرد، دوای دوو خولەکیش هەمان یاریزان گۆڵی شەشەمی تۆمارکرد.
لە خولەکی 72ـدا، رافینیا گۆڵی حەوتەمی بۆ بارسا زیادکرد، دوای ئەوەی سوودی لە هەڵەیەکی بەرگریی یاریزانانی نیوکاسڵ وەرگرت.
بەم شێوەیە بارسێلۆنا سەرکەوت بۆ قۆناخی هەشت، دوای ئەوەی بە کۆی ئەنجامی هەردوو یارییەکە 8-3 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.