ئەمشەو یاریگەی دهۆک باوەش بۆ کلاسیکۆیەکی مێژوویی دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی کلاسیکۆی کوردستان، لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و هەولێر بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە دەیانەوێت درێژە بە سەرکەوتنەکانیان بدەن و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببنەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 23:15 یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی هەولێر یاریی دەکات، سەرنجەکان لەسەر کلاسیکۆی کوردستان دەبن بۆ ئەوەی یارییەکی دیکەی پڕ رکابەری لەنێوان هەردوو یانە ببینرێت.
 
هەردوو تیپ رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدا، عەبدولغەنی شەهد و باسم قاسم، دوو راهێنەری دیار و نێوداری عێراقن و سەرکردایەتیی هەردوو تیپە کوردستانییەکە دەکەن، ئەوان پەیوەندییەکی بەهێزیان بەیەکەوە هەیە و ئەمشەو رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵ دەکەن.
 
هەولێر لە یاریی یەکەمی ئەم وەرزەدا کە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر دهۆک بەدەستهێنا، ئەلهویێن چیا دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە و هەولێریش چاوی لە دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆیە.
 
بەر لە یارییەکە عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی " ئێمە لە روانگەی بردنەوەی سێ خاڵەوە سەیری یارییەکە دەکەین، لە کاتێکدا رێز لە رکابەرەکەمان دەگرین، هەولێر لەم وەرزەدا تیپێکی باشە و ستایلێکی جیاوازی هەیە، ئێمە بەشێوەیەک لە یارییەکە نزیک دەبینەوە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو بەرپرسیارەتییەی بە یاریزانەکان دەسپێرین، کە زۆر گرنگە."
 
راهێنەری دهۆک دەڵێت "زۆر بە گرنگییەوە سەیری هاندەرانمان و پشتگیری بێوچانیان دەکەین، کە بەدرێژایی یارییەکان لە یانەکەی دەکەن، ئەنجامەکانی دوو یاریی رابردوو وەکو پاڵنەر و مایەی متمانە و سەقامگیری دەبێت بۆ یاریزانەکان، ئەمەش وامان لێدەکات ئاستێک پێشکێش بکەین شایستەی دهۆک بێت."
 
لەلایەن خۆیەوە باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "دوای بردنەوەکانی رابردوو، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین بەردەوامبین لە بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی، دەزانین یارییەکە زەحمەتە، بەوپێیەی دێربیی کوردستانە و دهۆک تیپێکی باشە."
 
باسم قاسم دەڵێت "ئێمە لە زەحمەتی یارییەکە تێدەگەین، بەڵام خۆمان باش ئامادەکردووە و چاومان لەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێینەوە."
 
دهۆک و هەولێر لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، هەولێر سێ یاریی رابردووی بردووەتەوە و ئێستا لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە و یارییەکی کەمتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە.
 
دهۆک لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر شورتە و کەرخ بەدەستهێناوە، ئەوانیش بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییەکە ئامادەن و دەیانەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانیان بدەن. دهۆک ئێستا لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە و چاوی لە هەڵکشانی زیاترە لە خولەکەدا.
 
یارییەکە رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی و گەورەیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، یارییەک دەبێت لەنێوان شێرزوود تێمیرۆڤ، گۆڵکاری هەولێر و خولی ئەستێرەکانی عێراق بە تۆمارکردنی 19 گۆڵ و پیتەر گۆرگیس، ئەستێرەی یانەی دهۆک کە خاوەنی 11 گۆڵە لەم وەرزەی خولەکەدا.