بایرن دەیەوێت هەنگاوەکانی بەرەو قۆناخی هەشت تەواو بکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشن دەیەوێت هەنگاوەکانی بەرەو گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا تەواو بکات، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی ئاتالانتا یاریی دەکات.
یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، لەنێوان هەردوو یانە کاژێر 23:00 لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت و یارییەکە رووداوێکی مێژوویی و سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە دەبینێت.
بەهۆی ئەوەی مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یەکەمی یانەکە، سڤێن ئۆلریخ، گۆڵپارێزی دووەم و هەردوو گۆڵپارێزەکەی دیکەی یانەکە، یۆناس ئۆربیگ و لیۆن کالاناچ پێکانیان هەیە، ئەمشەو چاوەڕواندەکرێت لیۆنارد پرێسکۆتی، گۆڵپارێزی تەمەن 16 ساڵ بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات و پارێزگاری لە گۆڵی باڤارییەکان بکات.
بایرن لە یاریی چووندا بە ئەنجامێکی گەورە بە شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر ئاتالانتا بەدەستهێناوە، لە یارییەکەی ئەمشەودا ئەرکی ئاسانە و دەیەوێت رێگەی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو تەواو بکات.
میشێل ئۆلیسێ و جۆشوا کیمیچ بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانیانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، جەمال موسیالا پێکانی هەیە و ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
یارییەکەی ئەمشەو دەبێتە یەکەم سەردانی ئاتالانتا بۆ یاریگەی ئالیانز ئارێنا، ئیتاڵییەکان هیچیان نییە لەدەستیبدەن و هەموو هەوڵێکیان تەنیا بۆ ئەوەیە بە ئەنجامێکی هاوشێوەی یاریی چوون نە دۆڕێن.
لە ئەگەری سەرکەوتنی بایرن میونشن بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، لە قۆناخی داهاتوودا یارییەکی ئاگرینی دەبێت و رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.