ئامەدسپۆر بەئەنجامێکی گەورە لە بێشکتاشی بردەوە

رووداو - هەولێر

تیپی تۆپی پێی خانمانی یانەی ئامەدسپۆر لە یارییەکەی گرنگی خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی تورکیادا سەرکەتنێکی گرنگی بەدەستهێنا و بەئەنجامێکی گەورە لە تیپی تۆپی پێی خانمانی یانەی بێشکتاشیان بردەوە و گەیشتنە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولەکە.
 
خانمانی یانەی ئامەدسپۆر میوانداریی یانەی بێشکتاشیان کرد و یارییەکەیان بە 4-1 لێ بردەوە و دوای یارییەکە یاریزانان بە هەڵپەڕکێی کوردی خۆشیی خۆیان بەو سەرکەوتنە گەورەیە نیشاندا.
 
لە خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی تورکیادا، رۆژی سێشەممە 17-3-2026 یانەی ئامەدسپۆر لە نێو یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی بێشکتاش بووەوە و بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی گرنگ دڵی هاندەرانیان خۆش کرد.
 
خانمانی یانە کوردستانییەکە هەرزوو گورزی خۆیان وەشاند و لەڕێگەی مبلێکەوە لە خولەکی 5ـی  یارییەکەدا گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد. 
 
تیپی میوانی چەند هێرشێکی کردە سەر ئامەدسپۆر و لە یەکێکیاندا توانیان لە رێگەی کارلیچییەوە  گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکەن و گێمی یەکەمی یارییەکە بەیەکلسانبوون بەئەنجامی گۆڵیک بۆ هەردوولا کۆتاییهات. 
 
خانمانی ئامەدسپۆر سوور بوون لەسەر بردنەوە و لە گێمی دووەمدا بەوزەیەکی زۆرترەوە گەڕانەوە نێو یاریگا و گوشاری زیاتریان خستە سەر گۆڵی یانەی بێشکتاش. 
 
دوای تێپەڕبوونی 20 خولەک لە دەستپێکی گێمەکە، مێلیسا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تیپە سەوز و سوور پۆشەکە تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا 3 خولەک، گۆمێز جیاوازییەکەی بۆ دوو گۆڵ زیادکرد و ئامەدسپۆری کردە خاوەنی گۆڵی سێیەم. 
 
خانمانی یانە کوردستانییەکە بەوەندەش رانەوەستان و لە کاتی زیادکراوی یارییەکەدا و بەدیاریکراوی لە خولەکی 4+90 خانمە یاریزان خوانێتا بەتۆمارکردنی گۆڵی چوارەم، ئەنجامەکەی کردە 4-1 و کۆتایی بە یارییەکە هێنا.
 
دوای یارییەکە یاریزانانی کورد و بیانیی یانەکە هەڵپەڕکێی کوردییان کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لە خۆیان و هاندەرانیان کرد.
 
بەم ئەنجامە، تیپی تۆپی پێی خانمانی ئامەدسپۆر سەرکەوت بۆ پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولەکە و پێش رکابەرە بەهێزەکەی، بێشیکتاش کەوت، کە یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکانی نازناوەکە و ئێستا لە پلەی شەشەمدایە.