سەنیگال بڕیاری لێسەندنەوەی جامی ئەفریقا دەباتە دادگای کاس
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال، لەسەر بڕیاری لێسەندنەوەی جامی ئەفریقا لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی هاتە دەنگ و دەڵێت نادادپەروەرییە و پەنا دەبەینە بەر دادگای کاس."
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال راگەیێنراوێەکی فەرمی بڵاوکردەوە، تێیدا رەتکردنەوەی بڕیاری لیژنەی تێهەڵچوونەوەی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقای (کاف) راگەیاند، کە پەیوەندی بە یاری نێوان هەڵبژاردەی سەنیگال و مەغریبەوە هەبوو لە یاریی کۆتایی جامی ئەفریقای 2025.
سەنیگال لە راگەیێنراوکەدا روونیکردووەتەوە کە فیدراسیۆنەکە ئاگادارکردنەوەی بڕیارەکەی بەدەست گەیشتووە کە لە رێکەوتی 17-3-2026 دەرچووە، کە تێیدا بڕیاردراوە بە قبوڵکردنی تێهەڵچوونەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێشووی لیژنەی سزادان، ئەمەش بە بیانووی رێزنەگرتن لە مافی گوێگرتن لە لایەنی یەکەمی تێهەڵچوونەوە.
فیدراسیۆنی سەنیگال ئاماژەی بەوە کردووە کە لیژنەی تێهەڵچوونەوە، مامەڵەی هەڵبژاردەی سەنیگالی لە یاریی کۆتاییدا بە پێچەوانەی یاساکان داناوە بە پشتبەستن بە ماددەکانی 82 و 84 لە سیستمی پاڵەوانێتییەکە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەڵبژاردەی سەنیگال بە دۆڕاو بە ئەنجامی 3-0 هەژمار بکرێت و سەرکەوتن بە هەڵبژاردەی مەغریب ببەخشرێت و وەک پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دیاری بکرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال بە توندی ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و بە «نادادپەروەرانە، بێ وێنە و قبوڵنەکراو» ناوی بردووە و جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە زیان بە ناوبانگی تۆپی پێی ئەفریقا دەگەیەنێت، چونکە بە گوتەی ئەوان رێکارە یاسایی و وەرزشییەکانی تێدا پێشێل کراوە.
راگەیێنراوکە دووپاتی کردەوە کە فیدراسیۆنەکە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی و مافەکانی تۆپی پێی سەنیگال دەستبەکار دەبێت، ئەویش لە رێگەی پەنابردن بۆ دادگای ناوبژیوانی وەرزشی (کاس - CAS) لە لۆزان لە زووترین کاتدا، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە.
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا هاتووە سەنیگال، پابەندبوونی بە بەهاکانی دەستپاکی و دادپەروەری وەرزشی دووپاتدەکاتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی داهاتوودا رای گشتی لە هەر پێشهاتێکی نوێ ئاگادار دەکاتەوە.