بەهۆی مانگرتنی سەرتاسەرییەوە، هەڕەشە لەسەر مۆندیال دروستبووە
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ و ژمارەیەک کۆمپانیای هاوبەشی فیفا لە مۆندیالی داهاتوو، رووبەڕووی سکاڵا و تۆمەتبارکردن بوونەتەوە و 30 هەزار کرێکار هەڕەشە لە پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
هاوینی ئەمساڵ، هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، لەماوەی 38 رۆژدا میوانداریی مۆندیال دەکەن و بەشی زۆری یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
فیفا و کۆمپانیای سپۆرتس کرۆنیک ئینتەرتیمێنت، لەلایەن سەندیکای کرێکارانی باشووری کالیفۆرنیاوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و سکاڵاکە هەردوولا تۆمەتبار دەکات بەنەچەسپاندنی کۆتوبەند، لەسەر چوونی ئەندامانی پۆلیسی کۆچ و گومرگی ئەمریکی بۆ نێو یاریگەی سۆفی لەکاتی یارییەکانی مۆندیالدا.
سەندیکای کرێکارانی باشووری کالیفۆرنیا، نوێنەرایەتی 30 هەزار کرێکار دەکات لە کەرتی میوانداریی لە باشووری ویلایەتەکە، لەنێویاندا دوو هەزار کرێکاری خزمەتگوزاریی چێشتخانەکان و یانەکان لەنێو یاریگەی سۆفی.
سکاڵاکە چەند کۆمپانیایەکی جیاوازی دیکەی گرتووەتەوە، وەک کۆمپانیای کارپێکەری یاریگاکە، هەروەها کۆمپانیای خاوەنی یاریگاکە، جیا لە فیفا و کۆمپانیای تایبەت بەخزمەتگوزاریی یاریگاکە.
سکاڵاکە لەسەر کۆمپانیاکان، هەروەها کەسایەتییەکانی وەک ستانلی کرۆنکی، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکان و خاوەنی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی. هەروەها جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، تۆمارکراون.
هۆکاری سکاڵاکە پەیوەندی بە شکستهێنانی گەیشتنە رێکەوتن لەنێوان لایەنەکانی هەڵسوڕێنەری یاریگاکە و فیفا، لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵی لە کالیفۆرنیا هەیە، بەهۆی نەگەیشتنە رێکەوتن لەبارەی گرێبەستی نوێی کاری بەکۆمەڵ، لەگەڵ بوونی ترسی راستەقینە لە چوونی ئەندامانی پۆلیسی کۆچ و گومرگی ئەمریکی و پاسەوانی سنوور لەنێو یاریگاکە و چواردەورەکەی لە کاتی یارییەکانی مۆندیال.
ئەو دوو دەزگایە (پۆلیسی کۆچ و گومرگ، لەگەڵ پاسەوانی سنوور) لەنێو ئەمریکادا رێگەپێدراون بەگەڕان بەدوای کۆچبەرانی نایاسایی و دەستگیرکردنیان و بردنیان بۆ بەردەم دادگا بەتۆمەتی نەبوونی مافی مانەوە لە ئەمریکا.
سەندیکاکە ترسی لەوە هەیە، پۆلیسی ئەو دوو دەزگایە لەکاتی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا، هەڵبکوتنە سەر کرێکارەکانی نێو یاریگاکە و چواردەوری یاریگاکە بەبیانووی نەبوونی مافی مانەوە و سنوورداشیان بکەنەوە.
جیا لەوەش، سەندیکاکە ناڕەحەتە بە 'تەنگژەی کرێکاران لە دۆخی ناسەقامگیری کارکردن و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوچەی ئانگلوودی چواردەوری یاریگاکە.
لە سکاڵای سەندیکاکەدا هاتووە، "کرێکاران دەترسن لەوەی بەزۆر لە ماڵەکانیان لە نزیک یاریگاکە دەربکرێن، بۆ ئەوەی شوێنەکانیان بکرێتە نشینگەی کورتخایەنی هاندەران لەکاتی مۆندیال، یان کاربکرێت بۆ زۆر بەرزکردنەوەی کرێی مانەوە لە نزیک یاریگاکە".
سەندیکاکە، داوای دەستەبەری روون و ئاشکرا دەکات، کە هەریەکە لە فیفا و کۆمپانیاکانی هاوبەشی پێوەی پابەندبن بەڕێگرتن بەپێی یاسا لە چوونی پۆلیسی کۆچ و گومرگ و سنوور بۆ ناو یاریگاکە و چوادەوری، هەروەها پاراستنی کاری کرێکارەکان و پێدانی شوێنی مانەوە.
کۆرت پیتەرسنی سەرۆکی سەندیکاکە رایگەیاندووە، کرێکاران بەتەواوی ئامادەن بۆ مانگرتن لەکاتی یارییەکانی مۆندیالدا، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
یاریگای سۆفی کە 70 هەزار کورسیی لەخۆ دەگرێت، میوانداریی یاریی یەکەمی هەڵبژاردەی ئەمریکا لە پاڵەوانێتییەکە دەکات.