بەفەرمی: خولی نایابی عێراق دەستپێدەکاتەوە
دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا 3-7-2020 یارییەکانی خولی نایابی عێراق دەستپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکێتی تۆپی پێی عێراق سەبارەت بە دەستنیشانکردەنی وادەی دەستپێکردنەوەی خولی عێراق کۆبووەە، کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس کۆبوونەوەکە بەڕێوەچوو، تێدا رەزامەندی لەسەر وادەی دەستپێکردنی خولی نایابی عێراق بە کۆی دەنگی ئەندامانی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق درا و 3-7-2020 وەک وادەی دەستپێکردنەوەی یارییەکانی خولی عێراق دەستنیشانکرا.
پەیامنێری رووداو محەمەد کارێزی لەسەر رازی ئەحمەد کۆچەر ئەندامی دەستەی کاتیی یەکێتی تۆپی پێی عێراق زانیارییەکەی پشتڕاسکردەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتییەکە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی ناسراو بە فیفا و یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، ئەو بڕیارە دراوە، بەڵام بەو مەرجەی پابەندی سەرجەم ئەو رێنماییانە بن، کە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بە راوێژ لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی جیهانی ناسراو بە فیفا، ئاڕاستەی سەرجەم خولەکانی کیشوەری ئاسیای دەکات، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی راددەی مەترسییەکانی کۆرۆنایان تێدا کەمبووەتەوە.
هەروەها ئەحمەد کۆچەر لە لێدوانێکیدا بە رووداوی گوت: "ئێمە بڕیارماندا یارییەکان بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەبچێت، هەروەها هەماهەنگی تەواویش لەگەڵ شانەی قەیرانەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەکەین و بەپێی خشتەی پڕۆتۆکۆڵی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا یارییەکان بەڕێوەدەچێت و نابێ هیچ یانەیەک لەو رێنماییانە لابدات، کە بۆیان دەستنیشان دەکەین".
لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە خولی نایابی عێراق بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگیراون.