ئەنچێلۆتی ئەستێرە بەرازیلییەکانی ریال مەدرید شۆک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

لەژێر مانشێتی "رافینیا رۆڵی سەرەکی لە سەردەمی ئەنچێلۆتیدا دەبینێت"، رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا تیشکی خستووەتە سەر سوپرایزێک، کە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی ئامادەی کردووە، کە بڕیارە ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل.
 
وابڕیارە هەفتەی داهاتوو پەیوەندی ئەنچێلۆتی لەگەڵ یانەکەی ئێستای ریال مەدرید کۆتایی پێبێت، دوای ئەوە پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل وەردەگرێت، ئەمەش یەکەم ئەرکی نێودەوڵەتییە لە کاروانی راهێنەرایەتی خۆیدا لەئەستۆ دەگرێت، کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە راهێنەرایەتی دەکات.
 
راسپاردنی ئەنچێلۆتی بۆ راهێنەرایەتی سامبا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سیلیساو دەبێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ سێ یاریزانە بەرازیلییەکەی ریال مەدرید، ئیدێر میلیتاو لەهێڵی بەرگری و ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ گۆس لەهێڵی هێرشبردن.
 
ئەنچێلۆتی رۆژی 26ـی ئەم مانگە دەگاتە شاری ریۆ دی جانیرۆ، ئەمەش دوای رۆژێک لە دوایین یاری لەگەڵ ریال مەدرید، کە بەرامبەر ریال سۆسیداد دەبێت لە لالیگادا.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنچێلۆتی دڵخۆشیی خۆی دەربڕیوە بە بەکارهێنانی ئەو توانا گەورەیەی کە رافینیای ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا پێشکەشی کردووە و بە یەکلاکەرەوەترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان لەم وەرزەدا وەسفیکردووە.
 
کارلیتۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئاستە نایابەکەی رافینیا وای لێدەکات ببێتە بەربژێرێکی بەهێز بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر، ستایشی کاریگەرییە بەرچاوەکانی کرد لەسەر ئاستی تیپەکەی.
 
راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی بەرازیل جەختی لەوە کردەوە کە هەبوونی یاریزانێکی بەهرەمەندی وەک رافینیا زۆر گرنگ دەبێت بۆ هێنانەدی خواستەکانی هەندەرانی بەرازیل لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا، کە پێیوایە هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا یەکێکە لە هەرە باشترین ئەو ئەستێرانەی کە لە یارییە گەورەکاندا جێگەی متمانەیە.
 
ئەنچێلۆتی ئەمساڵ وەک راهێنەری ریال مەدرید کاریگەری راستەوخۆی رافینیای ئەزموون کرد لەماوەی چوار دۆڕانی ئەم وەرزەدا بەرامبەر تیپی هانزی فلیک، کە لەئاستێکی بەرزدا بوو، ئەمەش رووداوێکی کەموێنە بوو، چونکە رافینیا بەشداری لە 7 گۆڵی بارسادا کرد لەو 16 گۆڵەی بارسا لەو چوار یارییەدا لە تۆڕی گۆڵی ریال مەدرید تۆماری کردن.
 
یەکەم یاریی ئەنچێلۆتی لەگەڵ سێلیساودا، رۆژی پێنجشەممە 5ـی6ـی2025 دەبێت بەرامبەر ئیکوادۆر لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 دووەم یاریش رۆژی سێشەممە 10ـی6ـی2025 دەبێت، کە لە ساوپاولۆ بەرامبەر پاراگوای ئەنجامی دەدات.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەنچێلۆتی لە هێڵی هێرشبردندا پشت بە سێ هێرشبەر ببەستێت، هەریەک لە رافینیا، ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ و هیچ هێرشبەرێکی سەرەڕمی نابێت.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بەرازیل بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئەنچێلۆتی چۆن تیپەکە پێکدەهێنێت و لە سەرەتاوە چ فۆرمێکی تاکتیکی دەگرێتەبەر: ئایا 4-4-2 دەبێت یان 4-3-3؟ بەبێ گوێدانە پلانەکە، ڤینیسیۆس جونیۆر جێگەی گرەنتی لە باڵی چەپدا هەیە، کە پێگەی سروشتی خۆیەتی، ئەگەرچی لەم وەرزەدا بەشێکی تواناکانی لەگەڵ ریال مەدرید لەدەستدا".
 
رۆژنامەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "سەبارەت بەوەی لە پێکهاتەکەی ئەنچێلۆتیدا چی بەسەر رافینیا دێت، هێشتا نازانرێت، ئایا لەپشت دووانە مەدریدەکەوە رۆڵی ژمارە 10 دەگێڕێت، رۆڵێک کە پێشتر لەگەڵ فلیک دەیبینی و ئێستا بێلینگهام لە ریال مەدرید دەیکات؟ یان لە باڵی راستەوە دەستپێدەکات، ئەو پۆستەی لامین یامال لە بارسێلۆنا دەستی ەبسەردا گرتووە.
 
بەئامادەنەبوونی نەیمار جونیۆر کە لە ئۆکتۆبەری 2023 لە یاریگای مۆنتیڤیدۆ تووشی پچڕانی بەستەرە خاچدارەکانی پێشەوەی ئەژنۆی چەپی بوو، نەگەڕاوەتەوە هەڵبژاردەی سامبا و رافینیا شوێنی گرتووەتەوە و لەجیاتی ئەو سەرکردایەتی بەرازیلی کرد.
 
لەم وەرزەدا کە باشترین وەرزی کاروانی وەرزشی رافینیا بوو، ئەو یاریزانە لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشووردا بۆ مۆندیال چوار گۆڵی تۆمارکردووە و ئەسیستێکی هەیە.