گریزمان ماڵئاوایی لە ئاتلێتیکۆ کرد و پەشیمانە لە چوونی بۆ بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 10 ساڵ یارییکردن بە درێسی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە، ئانتوان گریزمان، ئەستێرەی فەرەنسی و یانە ئیسپانییەکە دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەکەوە لەنێو هاندەرانی یانە مەدریدییەکە ئەنجامدا و ماڵئاواییکرد.
 
گریزمان لە یاریی بەرامبەر جیرۆنا، دوایین یاریی خۆی بەدرێسی رۆخی بلانکۆسەوە ئەنجامدا، لە یارییەکەدا گۆڕانکاری بەو یاریزانە کرا و هەمووان ماڵئاواییەکی شایستەیان لەو یاریزانە کرد.
 
لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە ئەستێرە فەرەنسییەکە هەریەکە لە دیێگۆ گودین و فێرناندۆ تۆرێس، ئەستێرەکانی پێشووی ئەو یانەیە ئامادەبوون.
 
گریزمان بە هەموو یاریگای ئاتلێتیکۆ مەدریددا گەڕا، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ماڵئاوایی لەو یانەیە و هاندەرانی کرد.
 
گریزمان یەکێک لە ئەستێرە هەرە دیارەکانی چەند ساڵی رابردووی ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە، بەدرێسی یانەکەوە 500 یاریی ئەنجامدا، 212 گۆڵی تۆمارکرد و 100 ئەسیستی هەبوو.
 
لەگەڵ رۆخی بلانکۆس، ئانتوان گریزمان نازناوێکی جامی سوپەری ئیسپانیا، یەکێکی یۆرۆپالیگ و نازناوێکی جامی سوپەری ئەورووپای بردووەتەوە.
 
گریزمان لە پەیامی ماڵئاواییەکەیدا سوپاسی پاڵپشتی و خۆشەویستی هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدریدی کرد و گوتی "داوای لێبوردنتان لێدەکەم، هەستم بەم خۆشەویستییە نەدەکرد و داوای لێبوردن دەکەم کە لە 2019 چوومە بارسێلۆنا، من ئەو کاتە گەنج بووم و هەڵەمکرد".
 
لە دوای ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەستێرە فەرەنسییەکە کاروانی یارییکردنی دەباتە دەرەوەی ئەورووپا و بۆ یانەی ئۆرلاندۆ سیتی ئەمریکی یاریی دەکات.