لامین یامال چەند یارییەکی مۆندیالی لەدەستدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی میدیای ئینگلتەرا، لامین یامال، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بارسێلۆنا بەهۆی پێکان لە ماسوولکەکانی پشتەوەی رانی، ناتوانێت لە دەستپێکی یارییەکانی مۆندیالی 2026 ئامادەبێت.


ئەو یاریزانە تەمەن 18 ساڵە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر کاپ ڤێردی لە 15ـی مانگی 06ـی 2026 لەدەستدەدات و گومانێکی زۆریش لەسەر بەشداریکردنی لە یاریی دووەم بەرامبەر سعودیە هەیە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بۆ چاودێریکردنی دۆخی یامال، کە پێشتر لە یارییەکانی لالیگا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ تووشی ئەم پێکانە بوو و وایکرد لە دوایین یارییەکانی وەرزی یانەکەی دووربکەوێتەوە.

پزیشکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەردانی بارسێلۆنایان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆسەی چاکبوونەوەی بن، بەو هیوایەی بۆ یاریی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر ئۆرۆگوای لە 26ـی مانگی 06ـی 2026 ئامادەبێت.

ئەو یاریزانەی پلەی دووەمی باڵۆندۆری 2025ـی بەدەستهێنا، لە وەرزەکانی رابردوودا رۆڵێکی سەرەکی لە پێکهاتەی بارسێلۆنا هەبوو، لە 45 یارییدا توانی 24 گۆڵ تۆماربکات و 16 ئەسیستی هەبوو. ئەم پێکانە دووبارە ناکۆکییەکانی نێوان یانە کەتەلۆنییەکە و هەڵبژاردەی ئیسپانیای لەسەر ماندووبوونی یاریزانەکە هێناوەتە پێشەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هانزی فلیک، پێشتر رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی ئیسپانیا لەگەڵ یامال گرتبوو و گوتبووی "پێویستە پارێزگاری لە یاریزانە لاوەکان بکرێت".

هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێش دەستپێکردنی مۆندیال، دوو یاریی دۆستانە ئەنجام دەدات، یەکەمیان لە 04ـی مانگی 06 بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق دەبێت و دووەمیشیان لە 08ـی هەمان مانگ بەرامبەر پێرو ئەنجام دەدرێت.

لامین یامال کە لە تەمەنی 16 ساڵییەوە بۆ یەکەمجار درێسی ئیسپانیای پۆشیوە، تاوەکو ئێستا لە 25 یارییدا 6 گۆڵی بۆ وڵاتەکەی تۆمارکردووە و یەکێک بوو لە ئەستێرە دیارەکانی بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024.