مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید دەردە یان دەرمان؟

رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی لە گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید نزیک دەبێتەوە، لە ئەگەری تەواوبوونی گرێبەستەکە، دەبێتە شوێنگرەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری ئێستا، ئەمەش دوای وەرزێکی سەخت لەسەر هەموو ئاستەکان، چ لەڕووی هونەری بێت یان ئەخلاقی و پرەنسیپەکانی ناو یانەکە.
 
لە پشت ئەم بڕیارەوە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانە وەستاوە، کە بەتووندی هەوڵ دەدات دیسپلین و رێکخستن بۆ ژووری جلگۆڕین بگەڕێنێتەوە، کە ئێستا لە پشێوییەکی گەورەدایە، ئەوەش لەم دواییانەدا لە چەندین شەڕ و ناکۆکی نێوان یاریزانەکان و تەنانەت لەگەڵ خودی ئەربێلواشدا دەرکەوت.
 
بەڵام دژبەرییەکی مێژوویی گەورە لە هەڵبژاردنی مۆرینیۆ بۆ ئەم پۆستەدا هەیە؛ چونکە پێرێز وەک راهێنەرێکی خاوەن کەسایەتی بەهێز و خاوەن توانای گەڕاندنەوەی هێمنی بۆ تیپەکە دەبینێت، لە کاتێکدا ئەوەی لەبیرکردووە کە خولی یەکەمی مۆرینیۆ لە 2010 تاوەکو 2013 شایەدی چەندین ناکۆکی و ململانێی ئاشکرا بووە لەگەڵ ئەستێرەکانی میرینگێ.
 
کێشەی کاسیاس
 
یەکێک لە دیارترین ئەو تەنگژانە ئەوە بوو کە لەنێوان مۆرینیۆ و ئیکەر کاسیاسی گۆڵپارێزی مێژوویی ریالدا روویدا. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە کاسیاسی بە 'خائین' و هۆکاری دزەپێکردنی زانیارییەکان تۆمەتبار کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی کاسیاس پەیوەندی بە ئەستێرەکانی بارسێلۆناوە کردبوو بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لەپێناو پاراستنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
 
مۆرینیۆ ئەم رەفتارە دیپلۆماسییەی بە 'خەنجەر لەپشتدان' دانا، بۆیە بڕیاری دا کاپتنەکەی یانەکە پەراوێز بخات و بیخاتە سەر کورسیی یەدەگ بۆ بەرژەوەندی ئەنتۆنیۆ ئادان و دواتر دیێگۆ لۆپێز.
 
بەپێی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی ئێل پاییسی ئیسپانی، دوایین ئامۆژگاری مۆرینیۆ بۆ پێرێز پێش جێهێشتنی یانەکە ئەوە بووە کە دەبێت لە کاسیاس رزگاری بێت بۆ ئەوەی هەر راهێنەرێکی دیکەی دوای ئەو سەرکەوتوو بێت.
 
لەم دواییانەشدا کاسیاس دووپاتیکردەوە کە ئەم برینە هێشتا ساڕێژ نەبووە، کاتێک لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "X" نووسی "مۆرینیۆم لە ریال مەدرید ناوێت.. پێموایە راهێنەرانی دیکە لێهاتووترن بۆ سەرکردایەتیکردنی یانەی ژیانم".
 
رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رامۆس
 
سێرجیۆ رامۆس، جێگری کاپتن لە خولی یەکەمی مۆرینیۆدا، لەو جەنگە دەروونییە بێبەش نەبوو. لە کانوونی دووەمی 2012، رۆژنامەی مارکا سوپرایزێکی گەورەی بڵاوکردەوە دەربارەی کۆبوونەوەیەکی نهێنی تووند لە ژووری جلگۆڕینی  ڤاڵدێبیباس دوای دۆڕانی کلاسیکۆ؛ تێیدا مۆرینیۆ یاریزانە ئیسپانییەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی پەنا بۆ رۆژنامەکان دەبەن بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان.
 
کاتێک مۆرینیۆ لۆمەی رامۆسی کرد لەسەر گۆڵەکەی پویۆل و پێیگوت "ئەرکی تۆ بوو چاودێری پویۆل بکەیت"، ئەستێرەکەی پێشووی ریال وەڵامی دایەوە کە "تێکەڵبوونی بەرگریکاران وایکرد لەو ساتەدا چاودێرییەکە بگۆڕدرێت"، لێرەدا مۆرینیۆ تۆمەتباری کرد بەوەی دەیەوێت رۆڵی راهێنەر بگێڕێت.
 
وەڵامە تووند و راستەوخۆکەی رامۆس بەمشێوەیە بوو "لەبەر بارودۆخی خێرای یارییەکە هەندێکجار ناچارین رۆڵەکانمان بگۆڕین.. لەبەر ئەوەی تۆ هەرگیز 'شۆرتت' نەپۆشیوە وەک یاریزانێکی پیشەگەر، نازانیت کە ئەم شتانە لە ناو یاریگادا روودەدەن".
 
رامۆس لەسەر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر میراتی مۆرینیۆ مایەوە و دواتر بە میدیاکانی گوت کە سەرکەوتنە ئەوروپییەکانی دواتری یانەکە هیچ رۆڵێکی مۆرینیۆیان تێدا نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە "ئەو جگە لە لێکترازان هیچی دیکەی لە دوای خۆی جێنەهێشت".
 
گریانی رۆناڵدۆ
 
تەنانەت کریستیانو رۆناڵدۆ، گۆڵکاری مێژوویی ریالیش، پشکی بەربوو لەو مشتە ئاسنینەی مۆرینیۆ. لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی کۆریێری دێلا سێرای ئیتاڵی، لوکا مۆدریچی ئەستێرەی کرواتی رووداوێکی شۆکهێنەری ناو ژووری جلگۆرینی وەرزی 2012-2013ـی ئاشکرا کرد و گوتی "بەچاوی خۆم بینیم مۆرینیۆ وای لە رۆناڵدۆ کرد بەکوڵ بگریت لە ژووری جلگۆڕیندا، تەنیا لەبەرئەوەی لە لایەکدا شوێن بەرگریکاری تیپی بەرامبەر نەکەوتبوو".
 
مۆرینیۆ لەبەردەم هەموو یاریزانەکاندا قسەی زبری بە رۆناڵدۆ گوتبوو "راستەوخۆ بەڕووتدا دەڵێم: تۆ گلەیی دەکەیت کە ئێمە بەشێوازێکی بەرگری یاری دەکەین، بەڵام دەزانی بۆچی وا دەکەین؟ تەنیا لەبەر تۆ! چونکە تۆ ناتەوێت بەرگری بکەیت، ئەمەش ناچارم دەکات هەموو تیپەکە بۆ دواوە ببەمەوە بۆ پاراستنی تۆ، لەکاتێکدا تۆ تەنیا ئەوە دەکەیت کە ئارەزووی دەکەیت".
 
پەیوەندییەکە هێندە تێکچوو کە کامێراکان رۆناڵدۆیان گرت کاتێک دوای تۆمارکردنی گۆڵی ژمارە 200ـی،بە زمانی پۆرتوگالی جوێنی بەو شوێنە دەدا کە مۆرینیۆی لێ دانیشتبوو.
 
سووکایەتی بە بنزیما
 
کەریم بنزیمای هێرشبەری فەرەنسی رووبەڕووی گاڵتەجاڕییەکی ئاشکرا بووەوە، کاتێک مۆرینیۆ بە میدیاکانی گوت: "ئەگەر بە سەگەوە بچیت بۆ راو، زیاتر راو دەکەیت، بەڵام ئەگەر بە پشیلەوە بچیت، کەمتر راو دەکەیت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر راو دەکەیت". مەبەستی مۆرینیۆ لە 'پشیلەکە' بنزیما بوو.
 
تەنانەت پێپێی بەرگریکار، کە رۆژانێک دەستی راستی مۆرینیۆ بوو، یەکسەر دوای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ کاسیاس دەربڕی، لەلایەن مۆرینیۆوە پەراوێز خرا و دوورخرایەوە.
 
ئەم راستییە مێژووییانە دەڵێن کە میتۆدی مۆرینیۆ بۆ چەسپاندنی دیسپلین، لەسەر بنەمای لەخۆگرتن و دروستکردنی پرد نییە، بەڵکو لەوانەیە لەسەر شێوازێکی پێکدادان بێت کە یەکڕیزی تیپەکە تێکدەشکێنێت، ئەمەش لەوانەیە 'دەرمان'ـەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بگۆڕێت بۆ 'دەرد' و هێنانەوەی مۆرینیۆ بکاتە گرەوێکی پڕ لە مەترسی.