ریال مەدرید رۆیشتنی ئەفسانەکەی رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید رێککەوتنی لەگەڵ دانی کارڤاخالی کاپتنی تیپەکە راگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە کاروانە وەرزشییەکەی وەک یاریزان لە ریزەکانی یانەکەدا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا.
یانە شاهانەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی "سوپاس و خۆشەویستی زۆری خۆی بۆ یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی یانەکە و تۆپی پێی جیهان دەربڕی.
کارڤاخال بە یەکێک لەو 5 یاریزانە تدەگمەنانە دادەنرێت لە مێژووی تۆپی پێدا کە توانیویانە 6 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەدەستبهێنن، هەروەها بەشێک بووە لە یەکێک لە سەرکەوتووترین و درەوشاوەترین نەوەکانی مێژووی ریال مەدرید.
کارڤاخال لە ساڵی 2002 پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە و بۆ ماوەی 23 وەرز بەرگری لە درێسی یانەکە کردووە؛ 10 ساڵ لە تیپە تەمەنییەکان و 13 وەرز لەگەڵ تیپی یەکەمدا. لەم ماوەیەدا 27 نازناوی بەدەستهێناوە؛ 6 خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا، 6 جامی جیهانی یانەکان، 5 جامی سوپەری ئەورووپا، 4 خولی ئیسپانیا، 2 جامی شای ئیسپانیا، و 4 جامی سوپەری ئیسپانیا.
لەسەر ئاستی تاکەکەسی، کارڤاخال لە پێکهاتەی نموونەیی FIFPro بۆ ساڵی 2024ـدا بوو، هەروەها چووە ناو پێکهاتەی نموونەیی The Best بۆ هەمان ساڵ. وەک باشترین یاریزانی یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای 2024 هەڵبژێردرا کە تێیدا گۆڵێکی تۆمارکرد.
کارڤاخال 450 یاری بە درێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە و 14 گۆڵی تۆمارکردووە. لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش بەشداری لە 51 یارییدا کردووە و نازناوی یۆرۆی 2024 و خولی نەتەوەکانی ئەورووپای 2023ـی بردووەتەوە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید گوتی "دانی کارڤاخال ئەفسانە و هێمایەکی ریال مەدرید و ئەکادیمیاکەیەتی. وێنەکەی لە تەنیشت ئەفسانەی کۆچکردوومان ئەلفریدۆ دی ستیفانۆ لە کاتی دانانی بەردی بناخەی شاری وەرزشیی ریال مەدرید، بۆ هەمیشە لە دڵی هەموو مەدریدییەکان و لە مێژووی یانەکەماندا دەمێنێتەوە. کارڤاخال هەمیشە بەباشترین شێوە نوێنەرایەتی بەهاکانی ریال مەدریدی کردووە. ئێرە ماڵی ئەوە و هەمیشەش وا دەمێنێتەوە".
بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ رێزلێنانێکی تایبەت بۆ کارڤاخال رێکبخات، بەبۆنەی ئەنجامدانی دوایین یاری خۆی لە خولی ئیسپانیا لەم وەرزەدا.