نزیکەی 2500 هاندەر لە چوونە مۆندیال بێبەشکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڕیاری قەدەخی گەشتکردنی خستە سەر ژمارەیەکی زۆری هاندەران، لە گەشتکردن بۆ هەر سێ وڵاتی میوانداریکەری مۆندیالی 2026 کە بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، هەڵمەتێکی تووند و گەورەی لە دژی هاندەرانی ئاژاوەگێڕی هەڵبژاردەکەی و ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە لە لیستی بێبەشکراواندان لە ئامادەبوونی یارییەکان و بڕیاریداوە بەهیچ شێوەیەک رێگەی چوونە مۆندیالی داهاتوویان نەدات.
ئەو کەسانە، پێشتر بەشی زۆریان بەتۆمەتی ئاژاوەگێڕی، نانەوەی تووندوتیژی لە یاریگەکاندا، سزادراون و چوونە یاریگاکانی بەریتانیایان لێ قەدەخەکراوە.
میدیای بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، بڕیاری قەدەخەی گەشتی لەکاتی مۆندیالدا خستووەتە سەر 2439 هاندەری تۆپی پێ.
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو ژمارە نوێیە، دوو هێندەی ژمارەی ئەو هاندەرانەیە کە رێگەی گەشتکردن بۆ قەتەریان لێگرابوو، لە کاتی مۆندیالی 2022 و ئەوکات ژمارەی هاندەرە سزادراوەکان 1308 کەس بوون.
پێشتر بەرزترین ژمارەی هاندەری قەدەخەکراو لە بەریتانیا بۆ پشتگیری هەڵبژاردەی وڵاتەکە لە مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفریقا بوو کە 3143 هاندەربوون و بەهەمان هۆکاری نانەوەی تووندوتیژیی پەیوەست بەتۆپی پێ، سزادرابوون.
رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، دەسەڵاتدارانی ناوخۆی بەریتانیا، داوایان لە کۆی 2439 هاندەر کردووە، پاسپۆرتەکانیان رادەستی پۆلیس بکەن، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی لەماوەی مۆندیالدا بەریتانیا بەجێناهێڵن.
رۆژنامەکە دەڵێ، وەزارەتی ناوخۆی هۆشداریی داوەتە ئەو کەسانە و پێیگوتوون ئەگەر هەر کەسێک ئەو بڕیارە پێشێل بکات، جیا لەبەندکردن بۆ ماوەی شەش مانگ، رووبەڕووی سزای داراییش دەبێتەوە.
یەکەی پۆلیسی تۆپی پێی بەریتانیا، کە تایبەتمەندی ئاسایشی یاریگاکان و یارییەکانە، بەپشتبەستن بەتۆماری گرتن و دەستبەسەرکردنی هاندەران لە نێو بەریتانیا و دەرەوەی بەریتانیا، لیستی هاندەرە قەدەخەکراوەکانی ئامادەکردووە. جیا لەوەش هەمان یەکە ناوی ئەو کەسانە دەخاتە نێو داتابەیسی نیشتمانیی بەریتانیاوە و قەدەخەی چوونە دەرەوەی بەریتانیایان لەسەر دادەنێت و دەیداتە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە.
هاندەرانی ئینگلتەرا کە بە 'هۆلیگانز' ناسراون، ساڵانێکی دوورودرێژ لە یاریگاکاندا ئاژاوەیان ناوەتەوە، هەموو کات ناوی بەشی زۆری ئەوان، دەخرێتە لیستی قەدەخەرکراوان لە گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات لە کاتی پاڵەوانێتییە گەورەکانی وەک مۆندیال و یۆرۆ.
مۆندیالی داهاتوو، بەبەشداری 48 هەڵبژاردە رۆژی 11ی مانگی داهاتوو لە مەکسیک دەستپێدەکات و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە کۆمەڵەی دوانزەیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کرواتیا، گانا و پەنەما یارییدەکات.