ڤیدیۆ؛ رامۆس گۆڵی تۆمارکرد و رێگەی نەدا ئینتەر بیباتەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلان لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە مۆندیالی یانەکاندا سەرکەوتوو نەبوو و لەگەڵ یانەی مۆنتێری مەکسیکی یەکسانبوو.
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی پێنجەمدا و لە یەکەم یارییدا لە پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یەکەم یاریی خۆی لەژێر سەرپەرشتی کریستیان چیڤۆی راهێنەری نوێی یانەکە ئەنجامدا و دوو خاڵی لەدەستدا.
 
سەرەتا لە خولەکی 25 سێرجیۆ رامۆس بەلێدانی سەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی مۆنتێری تۆمارکرد و مەکسیکییەکان پێشکەوتن.
 
لە خولەکی 41 لاوتارۆ مارتینێز ئەنجامەکەی بۆ نیرازۆری یەکسانکردەوە.
 
دوای ئەوە هەردوو یانە لە هەوڵەکانیاندا بۆ تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
یاریی داهاتووی ئینتەرمیلان بەرامبەر یانەی ئواراوای ژاپۆنییە و مۆنتێری رووبەڕووی ریڤەرپلەیت دەبێتەوە.