وەرزی نوێی پرێمەرلیگ بە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاگرین دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
خشتەی یارییەکانی وەرزی 2025-2026ـی خولی نایابی ئینگلتەرا راگەیێنرا، کە لە یەکەم گەڕدا چەند یارییەکی ئاگرین بەڕێوەدەچن.
دەستەی بەڕێوەبردنی پرێمەرلیگ، ئەمڕۆ چوارشەممە خشتەی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی ئینگلتەرای بۆ وەرزی 2025-2026 راگەیاند.
وەرزەکە بەفەرمی لە رۆژی هەینی 15ـی8ـی2025 بەیارییەکی بەهێزی نێوان لیڤەرپوول و بۆرنمۆس لە یاریگای ئانفێڵد دەست پێدەکات و لە 24ـی ئایاری 2026 کۆتایی دێت.
جۆشوخرۆش لە رۆژی شەممە 16ـی8ـی2025 بەردەوام دەبێت، کە شەش رووبەڕووبوونەوەی بەهێز بەڕێوەدەچن. دیارترینیان یاریی نێوان ئاستۆن ڤێلا و نیوکاسڵ یونایتدە لە یەکەم یاریی رۆژەکەدا، لەکاتێکدا مانچێستەر سیتی لە دوایین یاریی رۆژەکەدا رووبەڕووی وۆلڤەرهامپتۆن دەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 17ـی8ـی2025 یارییەکی لووتکەی ئاگرین لەنێوان مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵ لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد بەڕێوەدەچێت، هەروەها چێڵسی لە رووبەڕووبوونەوەیەکی تەواو لەندەنیدا بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس یاری دەکات.
گەڕی یەکەمی پرێمەرلیگ ئێوارەی رۆژی دووشەممە 18ـی8ـی2025 بە یاریی نێوان لیدز یونایتدی گەڕاوە بۆ پرێمەرلیگ و ئێڤەرتۆن کۆتایی دێت.
یانەکانی لیدز و بێرنلی راستەوخۆ سەرکەوتن بۆ خولی نایابی ئینگلتەرای وەرزی 2025-2026 دوای ئەوەی پلەکانی یەکەم و دووەمیان لە چامپیۆنسشیپ مسۆگەرکرد، هەروەها سەندەرلاند کورسیی سێیەمی لە رێگەی یارییەکانی پاشکۆوە (پڵەی ئۆف) بەدەستهێنا.
خشتەی یارییەکانی گەڕی یەکەمی پرێمەرلیگ بەمشێوەیەیە:
هەینی 15ـی8ـی2025
لیڤەرپوول - بۆرنمۆس 22:00
شەممە 16ـی8ـی2025
ئاستۆن ڤێلا - نیوکاسڵ یونایتد 14:30
برایتۆن - فوولهام 16:30
نۆتینگهام فۆرێست - برێنتفۆرد 16:30
سەندەرلاند - وێستهام یونایتد 16:30
تۆتێنهام - بێرنلی 16:30
وۆڵڤەرهامپتۆن - مانچێستەر سیتی 19:30
یەکشەممە 17ـی8ـی2025
چێڵسی - کریستاڵ پاڵاس 16:00
مانچێستەر یونایتد - ئارسیناڵ 18:30
دووشەممە 18ـی8ـی2025
لیدز یونایتد - ئێڤەرتۆن 22:00