راهێنەری سەنیگال: جگە لە مانێ کەس شایەنی بالۆندۆر نییە
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی تایبەت بە یاریی کۆتایی کۆپا ئەفریقا ئالیۆ سی سێ راهێنەری هەڵبژاردەی سەنیگال باسی لە چانسی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.
سی سێ گوتی " من و جەما بلمازیی شانازی بە خۆمانەوە دەکەین کە گەیشتووین بە یاریی کۆتایی، سەرکەوتنی من، بەرهەمی 5 ساڵ کارکردن و هەڵدانە، وەک راهێنەری هەڵبژاردەی سەنیگال".
سی سێ دەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی راهێنەری نێوخۆ بەسەر راهێنەری بێگانە لە کیشوەری ئەفریقا گوتی "ئەم بابەتە هیچ پەیوەندیی بەوەوە نییە، گوایە پێمان وابێ هۆکاری سەرکەوتن ئەوەیە، کە دەبێ راهێنەری هەڵبژاردەکان لە نێوخۆی وڵاتدابن، یان یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەکە بن، نەخێر ئەوەی من و جەمالی گەیاندە فایناڵ، هەوڵدان، کارکردن، تێکۆشان و خۆماندووکردن بوو".
هەروەها دەربارەی ئەگەری دروستبوونی گرێی دەروونی لە فایناڵ بۆ هەڵبژاردەی سەنیگال، سی سێ گوتی "شکستی ئێمە لە فایناڵ 17 ساڵ لەمەوبەر بوو، کە ئەوکات خۆم وەک یاریزان بۆ هەڵبژاردەی سەنیگال یاریم دەکرد، کاتێک لە فایناڵی کۆپا ئەفریقا بەرامبەر کامیرۆن تووشی شکست بووین. ئەو رووداوە ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە، ئەم نەوەیە هیچیان بەشێک نین لەو رابردووە، بۆیە ئەو شکستە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئەم یاریزانانەی ئێستای سەنیگال نابێ".
دەربارەی ئەوەی چ لایەک دەرفەتی بەدەستهێنانی نازناوەکەی هەیە راهێنەری هەڵبژاردەی سەنیگال گوتی "ئەم یارییە هیچ پەیوەندیی بە رووبەڕووبوونەوەی نیوانمانەوە نییە لە قۆناخی کۆمەڵەکان، چونکە ئێمە لەو یارییە بەهۆی یەک هەڵەوە دووچاری شکست بووین، بەڵام سوودی باشمان لەو شکستە وەرگرت، چونکە ئەو هەڵەیە هاندەربوو، وەک وانەیەک، بۆ ئەوەی بگەین بە یاریی کۆتایی. فایناڵ وردەکاریی بچووک یەکلای دەکاتەوە، هەردوولا تووشی ترس و راڕایی دەبێت، لە فاینال پەستانی دەروونی زیاتر لەسەر یاریزانانی هەردوولا دروست دەبێت، بەڵام دەبێت یاریزانەکان وریابن و تەرکیز لەدەست نەدەن، ئەوە تەنیا رێگایە بۆ ئەوەی نازناوەکە بەدەست بهێنین".
دەربارەی بەشدارینەکردنی خالیدۆ کۆلیبالی بەرگریکاری هەڵٶبژاردەی سەنیگال، ئالیۆ سی سێ گوتی "کۆلیبالی یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی ئێستای جیهان، بەهرەمەندێکی نموونەییە، خەمبارم کە لە یاریی کۆتایی راگیراوە، پێش ئەوەی بانگهێشتی بکەم بۆ هەڵبژاردەی سەنیگال، بەڵێنی پێدام کە هەڵبژاردەی سەنیگال بگەیەنێت بە مۆندیال و فایناڵی کۆپا ئەفریقا، بەڕاستی بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر، لەبەر ئەم بەڵێنە دڵگرانم کە لە بەشداریکردن لە فایناڵ بێبەش بووە".
سەبارەت بە رۆڵی سادیۆ مانێ راهێنەری سەنیگال گوتی "مانێ نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ لیڤەرپوول بەدەستهێناوە، هەروەها سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی کرد و گەیاندییە فایناڵ، هەر بۆیە لە ئەگەری بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، بێ دوودڵی و بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک مانێ شایەنی ئەوەیە وەک باشترینی ساڵ دەستنیشان بکرێت و خەڵاتی بالۆندۆری پێببەخشرێت".