تایبەت بە رووداو سپۆرتس.. هەولێر گواستنەوەی دوو یاریزان رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر گواستنەوەی دوو یاریزانی دیکەی بۆ ریزەکانی یانەکەی یەکلاکردەوە و دەستەوارە پێشکێشی یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئوردنیش دەکات و چاوەڕێی وەڵامی کۆتاییە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی هومام تاریق، یاریزانی پێشووی یانەکانی جەوییە، ئەهلی و زەفرەی ئیماراتی، ئیستقلالی ئێرانی، ئیسماعیلی میسری، موعزیری قەتەری، ئەهلی لیبی و تەڵەبەی عێراقی واژۆکردووە و ئەمڕۆ بەفەرمی گرێبەستەکەی رادەگەیێنێت.
 
رووداو زانیوویەتی، ئەمڕۆ یاریزانەکە بەشداری لە مەشقەکانی یانەکەدا دەکات و دەبێتە یەکەم دەرکەوتنی بەدرێسی یانەی هەولێرەوە.
 
جگە لەوە یانەی هەولێر لەگەڵ یانەی شورتە گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و بەشێوەی خواستن بۆ یەک وەرز، گرێبەستی لەگەڵ ئەحمەد زێرۆ، یاریزانی کوردی یانەکە واژۆکردووە و ئەو یاریزانەش ئەمڕۆ گرێبەستەکەی رادەگەیێنرێت و بەشداری لە مەشقەکانی یانەکەدا دەکات.
 
ئەمە لەکاتێکدا ئەحمەد زێرۆ نزیکبوو پەیوەندی بە یانەی زاخۆوە بکات، بەڵام دەچێتە یانەی هەولێر.


 
لەلایەکی دیکەوە، یانەی هەولێر دەستەوارەیەکی فەرمیی پێشکێشی یانەی وەحداتی ئوردنی کردووە، بۆ دەستبەرداربوون لە عامر جاموس، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە و هەڵبژاردەی ئوردن.
 
یاریزانەکە تەمەنی 23 ساڵە، 7 یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی ئوردنەوە ئەنجامداوە، یانەی هەولێر بەفەرمی داوای یاریزانەکەی کردووە و گەیشتووەتە رێککەوتن لەگەڵ یاریزانەکە و تەنیا رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یانە ئوردنییەکە ماوە.
 
یانەی هەولێر لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامە، گرێبەستی بەشێکی یاریزانە کوردەکانی نوێکردووەتەوە و هەریەکە لە ژیار گۆڤەند، عەلا رەئد، شێرزۆد تەمیرۆڤی ئوزبەکستانی، سەعد کەمیل و محەممەد حەسەن، گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق و هاروون زوبەیدی، بەرگریکاری یەمەنی واژۆکردووە.