چـــامپــیــۆنــتــرس
تەنیا دوو چرکە بەسە بۆ ئەوەی گوێت لە سروودی چامپیۆنزلیگ بێت و بیناسیتەوە، ئەو کاتەی گوێمان لە یەکەم ترپەی نۆتەکانی ئاوازی دێ چامپیۆن دەبێت، ئیدی تۆ یەکێکی لەوانەی مووەکانی جەستەت بەرز دەبنەوە و ئاوێتەی تەلەڤیزیۆنەکەت دەبیت، چونکە ئیدی کاتی دەستپێکردنەوەی مۆندیالی بچووکە، ئەو کاتەیە کە ناچار دەبیت بە دیار شاشەکەی بەردەمتەوە چەند کاژێرێک لە حەسرەت و هاوار و خەمخواردن بەڕێبکەیت.
جیاوازە :-
چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ جیاوازە، ئیدی ناچار نیت هەمیشە کۆنتڕۆڵی تەلەڤیزیۆنەکەت بەدەستەوە بێتو کەناڵ بە کەناڵ بیگۆڕیت تاوەکو ئەنجامی یارییەکانی دیکە بزانی، ئەمساڵ یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکان کاتەکانی دابەشکراون، واتا لەهەر شەوێکدا دوو کاتی جیاواز هەن بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان، هەتا کاتی گۆڕینی کاتی هاوینە بۆ زستانەی ئەوروپا، دوو یاری لە کاژێر 7:55ـی ئێوارە دەکرێن و شەش یارییەکەی دیکە لە کاژێر 10:00 دەبێت، بەڵام ئەمە بۆ زستانی لای خۆمان باش نییە چونکە یارییەکانی کاژێر 10 دەبن بە 11 و نزیکەی 1ـی شەو تەواو دەبن، جا ئەوانەی دەوامیان هەیە یان خێزاندارن لە ئێستاوە مشوورێکی خۆتان بخۆن، بەخۆشمەوە !
بەهێزە:-
ئەمساڵ چامپیۆنزلیگێکی ئاگرین دەبینین، ئاخر تخوا ئەمە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە یان قۆناخی کۆمەڵەکان ( بارسێلۆنا، تۆتێنهام، ئینتەرمیلان، ئایندهۆڤن) یان ( پاریس، ناپۆلی، لیڤەرپوول، رێدستار)،(یوڤێنتوس، مانچێستەر یونایتد، ڤالێنسیا، یەنگ بۆیز) جیاوازییەکە چییە؟! بۆچی ئەمساڵ لە سەرەتاوە هێز و ئاگرینیی یارییەکان زوو دەرکەوتن ؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە یاساکانی سەرکەوتن بۆ خولی یانە پاڵەوانەکان لە خولەکانەوە گۆڕاوە، واتا لە خولەکانی ئیسپانیا، ئینگلتەرا، ئیتالیا و ئەڵمانیا چوار یانە راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی کۆمەڵەکان و بۆ یەکەمجار لە دوای چەند ساڵێکیش نوێنەری چوارەمی وڵاتی ئیتالیا بەشداری دەکات و ئینتەرمیلان وەرزی رابردوو پلەی چوارەمی سێریا ئەی بوو، بەڵام لە بەختی ئەو کەوتە نێو بەرداشێکەوە.
بێ زیدان – دۆنێک لە دۆڵێک
ئاخر بە ناهەق نییە کە دەڵێم ئەوەی ئەمساڵ جیاوازە، زیدان کە تاکە راهێنەرە لە مێژوودا سێ جار لەسەریەک خولی یانە پاڵەوانەکانی بەرزکردووەتەوە ئەمساڵ لە ریزی چاکەت و پانتۆڵ لەبەرەکانی سەر هێڵی یاریگە نییە، ئەو وەک من و تۆ لە تیڤییەوە سەیری یارییەکان دەکات و رەنگە ساڵێکی دیکە دەربکەوێتەوە، زۆر ناخۆشە بۆ هاندەرانی یانەی ریال مەدرید لە دوای سێ ساڵ ژیان لە بەهەشتی پاڵەوانەکان، ئێستا ریسەکەیان لەدەستی یەکێک ناوە کە نازانن دەیکاتەوە بە خوری یان.. ئیتر.
سەیرە و باوەڕپێکردنیشی ئاسان نییە، کە ئەستێرەیەک، ئەفسانەی مێژوویی خولی یانە پاڵەوانەکان و گۆڵکەری خولەکە لە دوای 9 ساڵ یاریکردن بە درێسی سپییەوە، ئێستا خەتێکی رەشی بە نێو سپییەکاندا هێناوە و سەنگەری لە دژی هەموو جیهان گرتووە، بەڵێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە بە دۆن ناسراوە لە دۆڵی نازناوە ئەوروپییەکانەوە بەرەو دۆڵێک هاتووە کە پەلەقاژەی بەدەستهێنانی نازناوەکەیانە و هەرچییان کرد نەیانتوانی، تا وایلێهات وەک خۆیان دەڵێن چامپیۆنزلیگیشیان کڕیوە، تۆ بڵێی دۆن ئەم دۆڵە پڕ بکات لە نازناو یان بێ نان و ئاو بکەوێت قفڵی هەتاهەتایی لە مۆزەخانەی مادێرا بدات ؟
بەکەلۆرییە !
ئێستا کاتی تاقیکردنەوەی راستەقینەیە بۆ زۆربەی تیپ، یاریزان، راهێنەران تەنانت سەرۆک یانەکانیش، واز لە ئەنجامەکانی پرێمەرلیگ و لالیگا بهێنن، با لە ریالەوە دەستپێبکەم..
ریال مەدرید، هەڵگری نازناو: ئەگەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانیش دەربکرێن، گلەییەکی ئەوتۆی لەسەر نابێت، تەنیا رەنگە راهێنەرەکەیان دووربخرێتەوە و بۆ ساڵی داهاتوو کۆمەڵێک ئەستێرە بکڕن، بەڵام بەجددی ریال مەدرید ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە، واز لە ئەنجامەکانی لالیگا بهێنە، یاریزانانی ریال مەدرید بەجۆرێک بەرمەجەکراون کە بەبێ راهێنەریش دەتوانن ئەو ئەنجامانە تۆماربکەن، بەڵام ریال مەدرید و زۆربەی هەرە زۆری یانەکانی دیکەی ئەوروپا ترساون، ترس لە یەکەم دەرکەوتنیان لە خولی یانە پاڵەوانەکان چونکە ریالی ئەمساڵ راهێنەرەکەیان گۆڕیوە، شێوازێکی جیاواز و یاریکردنێکی زۆر جیاوازتر لەوەی زیدان، ئاخر چۆن جیاواز نییە، ئەستێرەی یەکەمی یانەکە جاران رۆناڵدۆ بوو ئێستا بەیڵە، ئەوان ترسان و لە نێو خاکی سان مامێس بەرامبەر بە یانەی بیلباو یەکسان بوون چونکە راهێنەر بیری لەلای یەکەم یاری بوو لە خولەکە کە بەرامبەر بە رۆما دەیکات لە رۆژی چوارشەممە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە کاژێر 22:00.
هاندەرانی رۆما ناتانترسێنم بەڵام ئەم زانیارییەش بزانن خراپ نییە، ریال مەدرید لە 11 ساڵی رابردوودا هەموو یارییەکانی یەکەمی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بردووەتەوە، بە دروستی لە وەرزی 2007-2008ـەوە.
بارسێلۆنا، عەوداڵە: یانەکی ڤالڤێردی تا ئێستا کاری بەخێر بووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک هەڵەی لێقبووڵ ناکرێت، ئەوەی پار بەسەر بارسای هێنا ئەمساڵ نابێت دووبارە ببێتەوە، یانەکە پەنگ دەخواتەوە و لە ناخەوە دەکوڵێت، ئاخر ناهەقیان نییە چونکە رکابەرەکەیان سێ ساڵە لەسەریەک مەجالی کەس نادات و ئەمانیش ساڵێک لەسەردەستی رۆما و جارێکش یوڤێ و ئەوەی پێشتریش ئاتلێتیکۆ لە قۆناخی هەشت دەردەکرێت، ئێستا کاتی ئەوەیە مێسی نازناوەکە لە باوەش بگرێتەوە، چونکە گرێنتی نییە ئەمساڵی لە پار باشتر دەبێت و ساڵی داهاتووشی چۆن دەبێت.
بارسا لە دوا یاریدا لە خولی ئیسپانیا زۆر بە زەحمەت لە یاریگەی ئانوێتا دەرچوو، جا ئەمیش ترسێکی پێوە دیارە، چونکە رۆژی سێ شەممە لە یاریگەی خۆیدا میوانداری ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەکات و یارییەکەش لە کاژێر 19:55 دەبێت.
پاریس، نەوت بەرامبەر بە نازناو: ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ گەیشتن بە خەونەکەیان، ئەگەر دڵۆپێک نەوت لە قەتەردا نەمێنێت بەلایانەوە کێشە نییە تەنیا خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەستبهێنن، حەتمەن ئەمە لە مێشکی ناسری سەرۆک یانەدا دەخولێتەوە، نەیماری کڕێ و دنیای هەژاند، ئێمباپێی هەیە و هەمووانی لە زەواق ناوە، بەوەشەوە نەیانتوانی هیچ بە هیچ بکەن، گوتمان ئەوە یەکەم ساڵە و کێشە نییە، بەڵام ئەمساڵ بوفۆنیش چووەریزەوە و ئیدی هەرچۆنێک بێت ئەمساڵ خولەکە نەبەن، ساڵی داهاتوو نەیمار و ئێمباپێ لەدەستدەدەن، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر راهێنەرەکەیان گۆڕیوە ئێمری نەماوە کە لە شوومی زیاتری هیچی بۆ یانەکە نەهێنا.
یوڤێنتوس، رۆناڵدۆ لە پێناو نازناوەکەدا: ئاساییە کوڕەکەی مادێرا لەسەرەتای دەرکەوتنیدا لەگەڵ یوڤێدا خراپ بێت، خراپ بە مەبەستی ئەوەی کە گۆڵ ناکات، بەڵام وەک ئاست باش بوو، بەڵام پیشەسەرەکییەکەی ئەو تۆمارکردنی گۆڵە و هاندەران چۆن چەپڵەیان بۆ دەڵکیکەکەی لێدا، ئاوا لە چاوەڕوانی راوەشاندنی چەپۆکەکانی رۆناڵدۆدان، رۆناڵدۆ چامپیۆنزلیگیش نەبات گلەییەکی ئەوتۆی لێناکرێت، یوڤێنتوسیش خۆشە بووە و کڕینی رۆناڵدۆش دوا کارتی یانەکە بوو لە پێناو نازناوەکەدا، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەکەن، باوەڕناکەم لە نێوخۆدا بێ نازناوبن، چونکە ئەمساڵیش رکابەرێکی سەرسەخت خۆی پیشان نەداوە.
مانچێستەر سیتی، چامپیۆنزلیگ بە کاتی گواردیۆلا: ساڵی یەکەم خۆرێکخستن، ساڵی دووەم نازناو و سێیەم شکست، ئەمە ناونیشانی گواردیۆلا بوو لەگەڵ یانەی بایرن میونشن، دەبێ لە مانچێستەر سیتی چۆن تەواو بێت، گرووپەکەی لە چامپیۆنزلیگدا لە چاو ئەوانەی دیکەدا قورس نییە، بەڵام هەستان و دەرچوونەکەی ئەم وەرزەی گواردیۆلا بە دڵی هاندەران نییە و حەماسەتەکەی ساڵی رابردووی لەگەڵ نییە، گۆڵیان بە ئاسانی بۆ نادۆزرێتەوە و پێکانیش یەخەی بەرنادات، جا بۆیە ئەمساڵ یانەکە بۆ ئەوە هاتووە نازناوی هەبێ، واتا چامپیۆنزلیگی هەبێ، ئیماراتییەکانیش بەهەمان شێوەی ئیماراتییەکان ئامادەن بورج خەلیفە بفرۆشن لە پێناو بەدەستهێنانی جامە دوو گوێیەکە !