وەلی کەریم بۆ رووداو سپۆرتس: دەچمە ئیتاڵیا بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەی میلان کاربکەم

رووداو هەولێر 

یانەی قاسمی عێراقی بەشێوەیەکی فەرمی دەستەوارەی پێشکێشی وەلی کەریم، راهێنەری کورد کردووە، بەڵام ئەو راهێنەرە کوردە بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد کە نایەوێت ببێتە راهێنەری ئەو تیپە و بە رووداو سپۆرتسی گوت "دەچمە ئیتاڵیا دەمەوێت ماوەیەک لەگەڵ یانەی ئۆدینێزی یان میلان کار بکەم و سوود لە ئەزموونیان وەربگرم، ئینجا بگەڕێمەوە  و  سەرپەرشتی یانەیەکی گەورەی عێراق بکەم".
 
لە دەستپێکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی قاسم تووشی شکست بوو بەئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر بەیانەی نەفت دۆڕا، دوای یارییەکە راستەوخۆ وەمیز مونیر، راهێنەری تیپەکە دەستی لەکارکێشایەوە، بووە یەکەم راهێنەر لە وەرزی نوێ دەستلەکارەکەی بکێشێتەوە. 
 
یانەی قاسم بۆ شوێنگرەوەی راهێنەری پێشوویان پەیوەندییان بە حەسەن ئەحمەد و وەلی کەریم کردووە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە راهێنەرێک رازی بکەن بۆ سەرکردایەتی تیپەکەیان. 
 
وەلی کەریم، راهێنەری کورد لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "من داواکارییەکەی یانەی قاسم رەتکردووەتەوە و نامەوێت کاریان لەگەڵ بکەم، لەبەرئەوەی نەیتوانی رکابەری بکەیت و یاریزانی باش بهێنێت و دۆخی دارایی باش نەبێت، لە کارەکەت سەرکەوتوو نابیت و لەو شوێنانە کارکردن باش نییە". 
 
ئەو راهێنەرە کوردە، کە خاوەنی بڕوانامەی پڕۆی نێودەوڵەتییە، بەر لە دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق بووە جێگای بایەخی یانەکانی نەفتی میسان و مینا، بەڵام ئامادەنەبوو بچێت کاریان لەگەڵ بکات. 
 
لەبارەی کاروانی داهاتووی ژیانی وەرزشی روونیکردەوە "دەچمە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق داوا دەکەم هاوکارم بن لە دابینکردنی ڤیزای وڵاتانی ئەورووپا، دەچمە ئیتاڵیا دەمەوێت ماوەیەک لەگەڵ یانەی ئۆدینێزی یان میلان کار بکەم و لەوێ بم تا سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرم، لە ناوخۆش تەنیا ئامانجی من راهێنەرایەتی یانە جەماوەری و باشەکانی خولەکەیە". 
 
یانەکانی کوردستان، کە بەشدارن لە خولی عێراق ئەنجامی جیاوازییان لە گەڕی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەبوو، یانەکانی هەولێر و نەورۆز سەرکەوتن، یانەکانی زاخۆ و دهۆک دۆڕان.
 
وەلی کەریم، لەبارەی ئاستی تیپەکانی کوردستان بۆچوونی خۆی دەردەبڕی و گوتی "بە بەراورد بەو کێشە و خراپی باری داراییان ئەنجامەکانیان دڵخۆشکەر و باش بوون، سەبارەت بە یانەی زاخۆش ئامادەکاری و گرێبەستی باشیان کردووە و چاوەڕانی رکابەرییان لێدەکەم، هەرچی دهۆکە جارێ تاوەکو چوار یاری داهاتوو ناتوانین هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، چونکە راهێنەرەکەیان نوێیە و جارێ ماوە جێ پەنجەی دیار بێت". 
 
وەلی کەریم، خەڵکی خانەقینە و پێشتر راهێنەری یانەکانی نەورۆز، نەجەف و کارەبا بووە و یەکێکە لە راهێنەر دیارەکانی عێراق.