هەولێر یەکەم یاریی دەکات و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتوو
رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی 32ـی جامی عێراق بەردەوامن و یانەی هەولێر یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتوو.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە جامی عێراقدا، کاژێر 15:00 یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی جەیش یاری دەکات و چاوی لە یەکەم بردنەوەیە بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە پاڵەوانێتییەکەدا بچێتە پێشەوە.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی وەستانی خولی ئەستێرەکانی عێراقەوە، یانەکە کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە بەغدا ئەنجامدا و تیپەکە لە دۆخێکی باشدایە بۆ ئەوەی یەکەم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، هەریەکە سەرهەنگ موحسین، مستەفا قابیل و موعتەز زەدام بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن و یاریزانەکانی دیکە بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەن.
ئەحمەد باسم، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "هیوادارم ئەم یارییە ببێتە هەنگاوێک بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی و هاندەرانمان شایستەی ئەنجامی باش و بەدەستهێنانی نازناون."
یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامەکانی لە دوای ئەنجامدانی چوار یاری زۆرباشە و سێ بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، یانەکە دەیەوێت ئەو ئەنجامە باشانەی بکاتە هەوێنی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی جامی عێراق.
رووداو سپۆرتس یارییەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بە دەنگی کۆمێنتار عیسا مەجید دەگوازێتەوە.