بەرپرسانی بارسێلۆنا لە لیڤاندۆڤسکی تووڕەن


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەست بەتووڕەیی دەکات، بەرامبەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆڵەندا و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی یانەکە، بەهۆی ئەو پێکانەوەی لەماوەی رابردوودا تووشی ئەو یاریزانە بوو.
 
لیڤاندۆڤسکی 37 ساڵان، دوای کۆتاییهاتنی گەڕی ئەمجارەی یارییە نێودەوڵەتییەکان گەڕایەوە بارسێلۆنا، بەڵام بەدەست گرژبوونی ماسوولکەکانی رانی چەپیەوە دەناڵێنێت و بەهۆیەوە چەند هەفتەیەک لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
پێشبینیکراوە لیڤا، لە یاریی یانەکەی بەرامبەر جیرۆنا کە ئەمڕۆ شەممە ئەنجامدەدرێت، هەروەها یاریی کلاسیکۆشدا لە هەفتەی داهاتوو، بەشداریی نەکات.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییە نزیکەکان لە یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایانکردووە، بەرپرسانی بارسا هەست بەبێئومێدی دەکەن بەرامبەر لیڤا و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو پێکانەی کە تووشی بووە.
 
بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە پێیانوایە ئەو یاریزانە دەبوو لە یارییەکەی لیتوانیا بەزوویی داوای گۆڕانکاری بکات، لەبری ئەوەی بەئازارەوە یاریی بکات، چونکە پێکانەکەی قووڵتر کردووەتەوە.
 
میدیاکان دەڵێن، بارسێلۆنا لەوە تێناگات چۆن ئەو یاریزانە بەئەزموونە، ئازارەکانی رانی پشتگوێخستووە و سووربووە لەسەر یارییکردن. هەڵسوکەوتەکانی لیڤایان ناوناوە، "پەلەپڕووزە و ئەزم نەکراو".
 
لیڤا ئەگەرچی لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر لیتوانیا ئازاری هەبوو، بەڵام 90 خولەک یارییکردووە. یارییەکە بەسەرکەوتنی پۆڵەندا کۆتایی هات و یەکێک لە گۆڵەکان ئەو تۆماری کرد.
 
بارسێلۆنا بەدەست پێکرانی زۆری یاریزانانییەوە دەناڵێنێت، هەریەکە لە تێرشتیگن، خوان گارسیا، گاڤی، فیرمین لۆپێز، دانی ئۆڵمۆ و رافینیا پێکانی جیاوازیان هەیە.
 
بارسێلۆنا ئومێدەوارە لامین یامال بۆ کلاسیکۆ بەتەواوی لەپێکانەکەی چاک ببێتەوە.
 
یان ئۆربان، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا، هەموو بەرپرسیارێتییەکی پێکانەکەی لیڤای لە ئەستۆی خۆی لابردووە، ئەو راهێنەرە گوتوویەتی، "لە پێکانەکەی لیڤا تێناگەم، پێشتر وا رێکەوتبووین ئەگەر هەستی بەئازارکرد داوای گۆڕانکاریی بکات".
 
ئەو هەروەها ئاشکرایکردووە، لە گێمی دووەمی یارییەکەی لیتوانیادا لیڤا بەقاچی بەستراوەوە یارییکردووە، بەڵام پێشتر پزیشکی هەڵبژاردەکە پێی گوتووە، ئەگەر هەستت بەئازار کرد، داوای گۆڕانکاری بکە، بەڵام تاوەکو تەواوبوونی یارییەکە، ئەو داوای نەکردووە دابنیشێنرێت.